Rewa Mahmood Hasan
11 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2021
سلێمانی - AA رەوا حاجی
چاوەڕوانیی لێشاویی کۆچبەران لە دارستانەکانی سنووری بیلاڕووس و پۆلەندا، پێ دەنێتە رۆژی چوارمەوە و بەپێی گوتەی کۆچبەرانیش، رەوشی منداڵان لەو ناوچەیە روو لە خراپی دەکات و تادێت سەرماوسۆڵە ناوچەکە دەگرێتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو لەنێو دارستانەکانی سنووری بیلاڕووس و پۆڵەندا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەنێو کۆچبەرانەوە بەدەست دەخات و تیایدا چەند منداڵێک و کۆچبەران بەدەر دەکەون کە لە رەوشێکی خراپی کەشوهەوادان و داوا دەکەن کە دەنگیان بگات بە جیهان.
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە کۆچبەرێک بەناوی نەبیل مەدری مەجید خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە پەیوەندی نێودەوڵەتییدا، پەیامێک دەدات و باس لە رەوشی کەشوهەوای ساری سنووری بیلاڕووس و پۆڵەندا دەکات و دەڵێت ''ئەمرۆ چوارەمین رۆژی لێشاوەکەیە لە سنووری پۆڵەندا لەنێوخاکی بیلاڕووس، هێزی پۆڵەندی جێگیر کراوە بەرامبەر کۆچبەران، ئینتەرنێت زۆر خراپە، کۆچبەران دەچنە سەر بەرزاییەکان بۆ ئەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێتیان هەبێت و لەوێوە دەنگیان بە کەسوکاریان بگات و پاشان بەجیهانیش، هەوڵ دەدەن کە هەواڵێکی خۆشیان بەدەست بگات".
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا ئەو کۆچبەرە باس لەوە دەکات کە تادێت کەشوهەوای ناوچەکە ساردتر دەبێت و دەڵێت ''هەواڵ لەو رۆژنامەنووسانە دەپرسین کە دەگەنە ئێرە، بزانین رەوشی دنیا چی دەگوزەرێت، بۆ ئەوەی لەو دۆخە قورسە رزگارمان ببێت، بەڕاستی منداڵەکانمان، دایکمان و هەموو ئەوانەی لێرەن دۆخیان سەختە، بەتایبەت بەرەبەیانیان ئێستا سەعات ٧:٣٠ی بەرەبەیانە بەکاتی بیلاڕووس، زۆر ساردە و سەرمایەکی بەتین دێت بارگرانییەکی زۆر دێت بۆ کۆچبەران".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نەبیلی کۆچبەر داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و حزبەکانی هەرێم دەکات کە بچن بەهایانەوە و رزگاریان بکەن لەو دۆخە و دەڵێت ''تکا دەکەم چیتان پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستان و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە رزگاریان بێت، درێغی مەکەن، ئێستا ناچارم بڵێم تکا لە حزبەکانیش دەکەم بێن بەهانامانەوە".
هەر لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە لەڕێی یەکێک لە کۆچبەرانەوە، چەند منداڵێک بەدەر دەکەون، منداڵەکان کە زۆربەیان خوێندنیان لە هەرێمی کوردستان بەجێهێشتووە و لەگەڵ خێزانەکانیاندا ئێستا بۆ ماوەی چوار رۆژە لە دارستانەکانی سەر سنووری نێوان بیلاڕووس و پۆڵەندا دەمێننەوە و رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە بەهۆی سەرماوسۆڵەی لەرادەبەر و دەستنەکەوتنی نان و ئاو، داوا دەکەن هەرچی زووترە بەگەنە ئەڵمانیا و وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، بەشێکی زۆری ئەو منداڵانە باس لەوە دەکەن کە کەشوهەوا زۆر ساردە.
ئەو منداڵانە کە خۆیان ئاشکرای دەکەن لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە لەگەڵ خێزانەکانیان بەڕێکەوتوون حەز دەکەن زوو رزگاریان بێت لەسەر سنوورەکان.
لەبەشێکی تری گرتەکەدا لە تەنیشت تەنکەرێکی ئاوەوە چەند منداڵێک راوەستاون و چاوەڕێ دەکەن سەربازێکی بیلارووس ئاویان بداتێ و لەهەندێک شوێندا یاری لەگەڵ منداڵەکاندا دەکات سەربازەکە.