Rewa Mahmood Hasan
19 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
سلێمانی - AA رەوا حاجی
دارستانەکانی بیلاڕووس لەسەر سنووری پۆڵەندا، بۆ کۆچبەرانی هەرێم بۆتە دوایین وێستگە، لەنێوان نائومێدی و هەڵاتن بەرەو ئومێددا، ئەوان بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٤ رۆژە لەو سنوورە ماونەتەوە و تا ئێستا هیچ وڵاتێکی ئەورووپا نیازمەندی نیشان نەداوە بۆ وەرگرتنیان.
ئەوان کە لە نائومێدی هەڵاتوون و بە ئامانجی گەیشتن بە داهاتوویەکی باش ملی رێگەیان گرتووە، هەندێکیان بە کەمئەندامی، هەشیانە بە منداڵە ساواکەی باوەشیانەوە چیان هەبووە فرۆشتوویانە و بە ناچاری هاتوونەتە سەر سنووری پۆڵەندا.
- چیرۆکی مستەفای ٥٠ ساڵ کە سێ منداڵەکەی لە چەمچەماڵ بەجێهێشتوون و ئێستا بە یەک قاچەوە چوار جار هەوڵی پەڕینەوەی داوە
مستەفا بە دەموچاوێکی پر تراجیدیاوە بەخۆی و دارشەقەکانییەوە رێی دەکرد و لە کاتی گەڕانەوەی دابوو لە سەرەی وەرگرتنی ژەمەخۆراکێک کە پۆلیسەکانی بیلاڕووس بۆ کۆچبەرانی تەرخان دەکەن رۆژانە.
ئەو لە چاوەکانیدا خەم و ژانی یەک نیشتمانی لە کۆڵ کردبوو، تاڵە سپیەکانی ریشی گەواهیدەری ئەو نەهامەتییە بوون کە هەرێم بەسەریدا هاتووە، ناچار بە قاچێکی دەستکردەوە خۆی بگەیەنێتە نێو سنوورەکانی پۆڵەندا و لە دارستانەکاندا بۆ ماوەی ٢٣ رۆژ بمێنێتەوە.
مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە لە شارۆچکەی چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی بەڕێکەوتووە و ماوەی ٢٤ رۆژە لە جەنگەڵەکانی بیلاڕووس گیری خواردووە و گوتی: ''من ماوەی ٣٨ رۆژە لە بیلاڕووس-م و ئەمڕۆ دەبێتە ٢٤ رۆژ کە لەم جەنگەڵەدا شەو و رۆژ دەکەمەوە بە سەرما و برسێتی و بێ ئاوی".
مستەفای خاون پێداویستی تایبەت، ئاماژە بە دۆخی ناهەمواری جەنگەڵەکان دەکات و دەڵێت ''ژیان لێرە کولە مەرگییە، بەڵام بڕیارێکە و داومانە، ئینشائەڵڵا خوای گەورە هاوکارمان بێت و دەربچین لەم نەهامەتییە".
مستەفا باس لەوە دەکات کە بە یەک قاچەوە خۆی گەیاندۆتە بیلاڕووس، لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ژیان نەماوە و سوورە لەسەر ئەوەی کە لەو سنوورە ساردە بێ نان و ئاوەدا بمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و گوتی: ''هەتا تروسکایی مابێت ناگەڕێمەوە، بڕیاری کۆتاییمانە، هەموو شتێکمان فرۆشت و هاتینە ئێرە، مەگەر بەزۆر بمنێرنەوە، ئەگەرنا هەرگیز ناگەڕێمەوە''.
مستەفا کە خێزاندارە و سێ منداڵی لە وڵاتی خۆی بەجێهێشتووە، دەڵێت ''من بۆ ژیان هاتووم، کوردستان ژیانی تیا نەماوە، سێ منداڵم لە ماڵەوە بەجێهێشتووە، تا ئێستا پێنج هەزار و ٥٠٠ دۆلارم خەرج کردووە، بۆ کوێ بگەڕێمەوە".
ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە کە بارودۆخی ناهەمواری وڵاتەکەی وای لێکردووە ماڵ و منداڵ بەجێبهێڵێت و بە دوو دارشەقە خۆی بگەیەنێتە سنوورەکانی بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا، ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ چوار جار سنووری پۆڵەندای بەزاندووە، گیراوە و گەڕێندراوەتەوە بیلاڕووس و گوتی: "چوار جار لەو رێگەیەم دا، چوومە نێو خاکی پۆڵەنداوە، جارێکیان ٣٧ کیلۆمەترم بڕی بوو، کەچی گیرام و گەڕاندمیانەوە".
مام مستەفا بەدەم هەنسکی گریان و چاوی پڕ فرمێسکەوە دەڵێت "پربەدڵ بیری منداڵەکانم دەکەم بەڵام"... لێرەوە دڵی پڕ دەبێت و قسەی بۆ ناکرێت و دواتر دەچێتە سوچێکی دارستانەکە و بەدەم گریانەوە بیر لە رۆژە سەختەکانی ژیانی دەکاتەوە کە بەڕێی دەکات، دواتر دەست دەکات بە نان خواردن.
- منداڵان قوربانییەکی تری کۆچ لەسەر سنوورەکان
منداڵان بەشێکی زۆری کۆچبەرانی سەر سنوورەکان پێکدەهێنن، ئەوان بێ ئاگا لەوەی باوانیان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی پرشنگدار لەنێو کۆڵانەکانی نیشتمانیان وەدەرنراون و ملی رێگایان بەناچاری گرتۆتە بەر، ئەوەتا لانە-ی تەمەن چوار ساڵ باس لەوە دەکات، ئەو بیری منداڵەکانی گەڕەک ناکات لە کەرکووک، تەنیا ئەوانە بە هاوەڵی خۆی دەزانێت کە هاوشێوەی ئەم لەگەڵ باوانیان وڵاتیان جێهێشتووە، بەئومێدی گەیشتن بە هیوا و ئاوات و دواڕۆژیان.
لانە دەڵێت "من بیری هاوەڵەکانم ناکەم، تەنیا بیری ئەمانە دەکەم (بەدەست ئاماژە بۆ چەند منداڵێک دەکات کە لە تەنیشتییەوە یاریی دەکەن)"، ئەو باس لەوە دەکات کە دایکی دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و برینداربووە و ئێستا تەنگە نەفەسە.
خاتوو ناسک یەکێکی ترە لە کۆچبەران کە لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو منداڵیدا هاتوون کە یەکێکیان دوو ساڵ و نیو ئەوی تر هەشت مانگ دەبێت و لە هەولێرەوە هاتوونەتە سەر سنووری بیلاڕووس لەگەل پۆڵەندا.
ئەو باس لەوە دەکات کە بەمەستی دابینکردنی داهاتوویەکی باش هاتوونەتە سنوورەکان و گوتی: ''لە هەرێمی کوردستان دۆخمان هیچ باش نەبوو، هەموو ماڵەکەمان فرۆشت و بڕیارمان دا بچینە ئەو شوێنەی کە داهاتووی منداڵەکانمانی لێیە لە پێناو ئەواندا هاتووین، کوردستان داهاتووی نییە لە پەروەردە و لە بژێوی ژیان. هەموو شتەکانمان فرۆشت بۆ ئەم رێگایە، لێرەش دۆخمان هیچ باش نییە و خواردن و شیر بەشی کەسمان ناکات".
خاتوو ناسک داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات کە بەزوویی دەرگاکانیان بەڕوودا بکەنەوە، چونکە دۆخیان هیچ باش نییە لە دارستانەکانی سەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا.