Mohammed Majed,Ali Semerci,Rahel Ali
28 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2023
غەززە – AA
وەک دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەو مانگرتنەی ماوەی ٥٢ رۆژە لەلایەن دەستبەسەرکراوی فەڵەستینی، خدر عەدنان لە خواردن دەستی پێ کردووە، ژمارەیەک لە فەڵەستینییەکان لە بەردەم بارەگای کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی نوێژی تەراویحیان ئەنجام دا.
فەڵەستینییەکان دوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح نزایان بۆ رزگاربوونی دەستبەسەرکراوانی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل کرد.
بەرپرس لە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، یاسر موزهیر دوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "دۆخی تەندروستیی خدر عەدنان ناجێگیرە".
یاسر موزهیر بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە خدر عەدنان بۆ رەتکردنەوەی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل، ٥٢ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد بە ئەرکەکانی خۆیان هەڵبستن و گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ رزگارکردنی عەدنان.
خدر عەدنانی تەمەن ٤٤ ساڵ بەتۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە ٢٠١٢ەوە تاکوو ئێستا چەندین جار دەستبەسەر کراوە و دواتر حوکمی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو وەک کاردانەوە بەرامبەر دەستبەسەرکردنەکەی لە ٢٠١٢، ٦٦ رۆژ؛ لە ٢٠١٥، ٥٢ رۆژ؛ لە ٢٠١٨، ٥٩ رۆژ و لە ٢٠٢١یش ٢٥ رۆژ مانی لە خواردن گرت، ئەمجارەیش لە پێنجی شوباتەوە دەستی کردووە بە مانگرتن لە خواردن.