Şerife Çetin
28 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2023
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
رووسیا نەیتوانی ئەو رەشنووسی بڕیارە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییدا تێبپەڕێنێت، کە داوای دەکرد ''کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە'' لەسەر تێکدانی هێڵەکانی بۆری گواستنەوەی غازی سروشتیی تەوژمی باکوور لێکۆڵینەوە بکات.
رەشنووسی بڕیارەکە کە لەسەر داوای رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی خرایە دەنگدانەوە، تەنیا سێ دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا کە ئەوانیش رووسیا خۆی و بەڕازیل و چین بوون و بە ١٢ دەنگی بێلایەن رەتکرایەوە.
رەشنووسەکە کە لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنەکە پێویستی بە نۆ دەنگی بەڵێ بوو بۆ پەسەندکردنی و داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی، هەروەها پێشنیازیشی دەکرد لێکۆڵینەوەکە بەشێوەیەکی گشتگیر و شەفاف و بێلایەن ئەنجام بدرێت.
هەروەها رەشنووسەکە کە ئامانجی ئاشکراکردنی پشتیوانان و ئەنجامدەران و هاوبەشەکانی تاوانی تێکدانەکەیە، داوای دەکرد ئەو پسپۆڕانەی بێلایەنن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی ناسراون دابمەزرێنرێن و لێکۆڵینەوەکە ئەنجام بدەن.
رەشنووسەکە پێشنیاریشی دەکرد، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ٣٠ رۆژدا راپۆرت بدات لەبارەی دەرئەنجامەکان.
نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبێنزیا پێش دەنگدانەکە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لێکۆڵینەوەیەی دانمارک و ئەڵمانیا و سوید سەبارەت بە تێکدانی هێڵەکانی بۆری گواستنەوەی غازی سروشتیی تەوژمی باکوور ئەنجامیان داوە، جێگەی گومانە.
ڤاسیلی نیبێنزیا ئەوەشی خستەڕوو کە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیرتر و شەفافتر پێویستە و گوتی: ''کاتە بەهادارەکەمان خەرج دەکەین''.
لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، هێڵەکانی بۆری گواستنەوەی تەوژمی باکوور تێکدرا کە ئەوەیش زیانێکی زۆری بەو هێڵی بۆریانە گەیاند کە رووسیا و ئەڵمانیای لە رێگەی دەریای باڵتیکەوە بە یەکتری دەبەستەوە.