Sinan Doğan
18 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2022
بۆگۆتا - AA
لە مەکسیک کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین رووداوی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان روودەدات، ئەمساڵ ١٥ رۆژنامەنووس رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و تیرۆر کراون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسانی مەکسیکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ٣٠ ساڵی رابردوودا، لەڕووی رۆژنامەنووسانەوە کوشندەترین ساڵ لە وڵاتدا ئەمساڵ بووە کە ١٥ هاوپیشەیان تیرۆر کراون.
لیژنەکە باسی لەوەیش کردووە کە زۆربەی ئەو رۆژنامەنووسانەی تیرۆر کراون ئەوانەن کە بە پارەیەکی کەم ژیانیان بەسەر بردووە، ئەوانی دیکە وەک رۆژنامەنووسی ئازاد کاریان کردووە.
نوێنەری لیژنەکە، جان-ئەلبێرت هۆستن ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت کەمتەرخەم بووە لە گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە رۆژنامەنووسان دەکرێت و رایگەیاند: ''لۆپێز ئۆبرادۆ، هەم لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، هەمیش وەک سەرۆک لە مەکسیک لە هەموو کات زیاتر کاری رۆژنامەنووسی بە سیاسیی کردووە''.
ناسراوترین رۆژنامەنووسی مەکسیک، جیرۆ گۆمەز لیڤا لە ١٥ی کانوونی یەکەمدا، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا، کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بوو، رووبەڕووی هێرشی چەکداری بووەوە، بەڵام خۆشبەختانە رزگاری بوو.
سەرۆکی مەکسیک، ئاندرێس مانوێل ئۆبرادۆر لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر جیرۆ گۆمەز لیڤای کرد.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە مەکسیک تیرۆرکراون ١٥ کەسی تێپەڕاندووە.