Erbil Başay,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
31 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2023
بەرلین - AA
لە ئەڵمانیا ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر تۆڕێکی دابینکردنی سەرچاوەکانی دارایی بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەڕێوەچوو.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی "رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی" و "نیمچە پێشێلکردنی یاسای بازرگانیی دەرەکیی"، چوار هاووڵاتی ئەڵمانی، هاووڵاتییەکی کۆسۆڤۆیی، هاووڵاتییەکی تورک و هاووڵاتییەکی خاوەن هەردوو رەگەزنامەی مەغریبی و ئەڵمانی دەستبەسەر کراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، گەڕان و پشکنین لە شەش هەرێمی ئەڵمانیا و ١٩ شوێنی هۆڵەندا دەستی پێ کردووە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە گومانلێکراوەکان ئەندامی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بوون کە لەڕێی کۆکردنەوەی خێرەوە سەرچاوەی دارایی بۆ چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سووریا دابین دەکات. باس لەوەش کراوە کە دوو لایەنگری داعش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی پارەیان دەست پێ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە گومانلێکراوەکان رۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ داعش، بەم شێوەیەش خزمەتیان بە بەهێزکردنی رێکخراوەکە کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لانیکەم ٦٥ هەزار یورۆ گوازراوەتەوە بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سووریا و بڕیارە گومانلێکراوەکان ئەمڕۆ یان سبەی، بچنە بەردەم دادگا و داوای سزای بەندکردنیان بۆ بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوەش کراوە کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە تۆڕی دابینکردنی سەرچاوەکانی دارایی بۆ داعش لە بەرلین و نۆ شاری دیکەی ئەڵمانیا، زیاتر لە ٩٠ ناونیشان دەپشکێندرێن.