Emre Gürkan Abay
31 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2023
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە دوایین کەشتی جەنگیی سەربە هێزی دەریایی ئۆکراینایان لە بەندەری ئۆدیسا لەناوبردووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا، زانیاری سەبارەت بە چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا خستەڕوو.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە شەڕ و پێکدادانەکان بەچڕی لە شاری ئاڤدیێڤکا سەربە ناوچەی دۆنێتسک دەگوزەرێت و سوپای رووسیا هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر ناوچەکە و سوپای ئۆکراینا ناچار بووە لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی کراسنۆگۆرۆڤکا و یاسینۆڤاتایا لە دۆنێتسک پاشەکەشە بکات.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوەکەیدا، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە شارەکانی خارکێڤ و زاپۆریژییا چەندین کۆگای تەقەمەنی سوپای ئۆکراینا و ناوەندێکی فەرماندەییان لە زاپۆریژییا لەناوبردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سوپای رووسیا هێرشی کردووەتە سەر بەندەری ئۆدیسا و هاتووە: ''لە ٢٩ی ئایاردا، دوایین کەشتی جەنگیی هێزی دەریایی ئۆکراینا بەناوی ''یوری ئۆلیفیرێنکۆ'' لەلایەن هێزی ئاسمانیی رووسیاوە بە مووشەکی هەستیاری باڵا کراوەتە ئامانج و لەناوبراوە''.