Muhammet Ali Kemal
03 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن- AA
لەشاری لۆس ئەنجلس گەورەترین شاری ویلایەتی کالیفۆرنیا باشووری رۆژئاوای ئەمریکا، دوای ئەوەی پۆلیس بە گومانی ئەوەی دزراوە دوای ئۆتۆمبیلێک کەوتبوو، پاشان یەکێک لە سەرنشینەکانی ئۆتۆمبیلەکەی کوشت کە رەشپێستێکە بەناوی کارنڵ سنێڵ.
بەپێی روونکردنەوەیەک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی لۆس ئەنجلسەوە بڵاوکراوەتەوە، ئێوارەی رۆژی شەممە لەکاتێکدا پۆلیس چاودێریی و کۆنترۆڵی ئاسایی هاتوچۆی دەکرد، ویستیان ئۆتۆمبیلێک بوەستێنن کە دوو کەسێکی تێدابوو و گومانی ئەوەی لێدەکرا دزرابێت. کارمەندانی پۆلیس شۆفێری ئۆتۆمبیلەکەیان ئاگادارکردەوە کە بوەستێت، گوێی بە داواکارییەکە نەدا و دەستی بە هەڵاتن کرد.
دواتر تیمەکانی پۆلیس دوای ئۆتۆمبیلەکە کەوتن، لەدوای ماوەیەک ئۆتۆمبیلەکە وەستا و دوو کەسی لێ دابەزین کە بە ئاراستەی جیاواز دەستیان بەڕاکردن کرد. لەبەرامبەردا هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لە یەکێکیان کرد. بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسەی لەئەنجامی تەقەکاندا گیانی لەدەستداوە، ناوی کارنڵ سنێڵە. ئەو تیمانەی تەندروستی کە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە ئاماژەیان بەوەکرد کە سنێڵ دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. چارەنووسی ئەو کەسەی دیکەش کە لە ئۆتۆمبیلەکەدا بوو، نادیارە.
لای خۆیشییەوە دایکی سنێڵ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکردووە کە جەستەی کوڕەکەی پێنج فیشەکی پێوە بووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی لۆس ئەنجلس لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە رووداوەکە دەستپێکردووە و تا ئێستاش ناوی ئەو پۆلیسە بڵاونەکراوەتەوە کە کارنڵ سنێڵی کوشتووە.
لەدوای رووداوەکەشەوە، لەناوچەکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیی بە بەشداریی ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتییان، ساز کرا.
بەهۆی رووداوە یەک لەدوای یەکەکانی کوشتنی رەشپێستەکان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە، ژمارەیەک خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی سازکرابوون و بەو هۆیەشەوە دوایین جار لە شاری شارلۆت رۆژئاوای ویلایەتی نۆرس کارۆلینا بۆ ماوەی یەک هەفتە باری نائاسایی راگەیەنرابوو.