Gülbin Yıldırım
07 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی لێدانی بنکەیەکی سەربازیی رژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن هێزەکانی سوپای وڵاتەیەوە، رایگەیاند : ''ئەمشەو فەرمانی بۆردومان کردنی ئەو بنکە سەربازییەم دەرکرد کە هێرشە کیمیاوییەکەی لێوە ئەنجامدرابوو. ئەنجامدانی ئەو بۆردوومانە بە مووشەک پێویست بوو بۆ ئاسایشی ئەمریکا''.
دۆناڵد ترەمپ کە بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی چین، شی چینپینگ لە ویلایەتی فلۆریدای وڵاتەکەیەتی، سەبارەت بەو هێرشەی سوپای وڵاتەکەی لەرێگەی مووشەکەوە کردییە سەر بنکەیەکی سەربازیی سەر بە رژێمی ئەسەد، روونکردنەوەی دایە رۆژنامەوانان.
ترەمپ سەبارەت بەهێرشەکەی خان شەیخون سەربە پارێزگای ئیدلبی سووریا لەرێگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوییەوە، رایگەیاند: ''بەشار ئەسەدی دیکتاتۆری سووریی، رۆژی سێشەممە هێرشێکی تۆقێنەری کیمیاویی ئەنجام دا. لەئەنجامی ئەو هێرشە وەحشیانەیەدا، ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ و تەنانەت منداڵانی جوان، بە هێواشی، وەحشییانە و بێ ویژدانانە، کوژران. ئەسەد گیانی لەو پیاو، ژن و منداڵانە سەندەوە کە پێویستییان بە هاوکارییە. هیچ گومانێک نییە لەوەی کە رژێمی ئەسەد چەکی کیمیاویی بەکارهێناوە''.
- ''ئەنجامدانی ئەو هێرشە لەرێگەی مووشەکەوە، پێویست بوو بۆ ئاسایشی ئەمریکا''
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ''ئەمشەو فەرمانی بۆردوومان کردنی ئەو بنکە سەربازییەم دەرکرد کە هێرشە کیمیاوییەکەی لێوە ئەنجامدرابوو. ئەنجامدانی ئەو هێرشە لەرێگەی مووشەکەوە، پێویست بوو بۆ ئاسایشی ئەمریکا. لەبەر ئەوەی هەوڵەکانی پێشوو شکستیان هێنا، قەیرانی کۆچبەران درێژەی هەیە و نائارامی و نا سەقامگیریی لە ناوچەکە، بووەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی. ئەم ئێوارەیە هەموو وڵاتە شارستانییەکان، بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکەی سووریا و هەموو جۆرە تیرۆرێک، بانگهێشت دەکەم تا لەگەڵ ئەمریکادا بن''.