Mohammed Baqi Hussein
02 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2016
واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما رایگەیاند، لە چەندین بنكەی ئەتۆمیی جیهاندا مادە كوشندەكانیان لەناوبردووە و رێگرییان لە بڕی 3 تۆن و 800 كیلۆگرام لەو مادانە كردووە بكەوێتە دەستی تیرۆریستانەوە كە دەتوانرێت 150 بۆمبی ئەتۆمیی لێ دروست بكرێت.
ئۆباما دوای لووتكەی ئاسایشی ئەتۆمی كە لە واشنتۆنی پایتەخت بە بەشداریی 52 سەركردەی وڵاتان و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتیی ئەورووپا، رێكخراوی وزەی ئەتۆمی جیهانی و ئینتەرپۆڵ بەڕێوەچوو، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی سازدا.
ئۆباما رایگەیاند كە هەموو پێكەوە كوشندەترین مادەكانیان لە بنكە ئەتۆمییەكانی جیهاندا لەناوبردووە و ئاشكرای كرد، لە زیاتر لە 50 بنكەی ئەتۆمیی 30 وڵاتدا یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆمی پیتێنراویان كۆنتڕۆڵكردووە یان بەتەواوی لەناویان بردوون.
ناوبراو راشیگەیاند رێگرییان لە بڕی 3 تۆن و 800 كیلۆگرام لەو مادانە كردووە بكەوێتە دەستی تیرۆرستانەوە كە دەتوانرێت 150 بۆمبی ئەتۆمیی لێ دروست بكرێت.
- "پێویستە ئێران كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بۆ بازرگانیكردن لەگەڵیاندا رازی بكات"
ئۆباما لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە و لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئێرانەوە گوتی:"پێویستە ئێران بە پابەندبوون بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان رازی بكات بەوەی بۆتە هاوبەشێكی بازرگانی متمانەپێكراو."
هاوكات راشیگەیاند ئێران بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی مووشەكی بالیستیكی و بانگەوازی لەناوبردنی ئیسرائیل، پێچەوانەی رۆحی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە هەڵسوكەوت دەكات. ناوبراو ئەم هەڵسوكەوتانەی ئێرانی بە هۆكاری نەمانەی متمانەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ناوبرد.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئۆباما لەبارەی پاڵێوراوی كۆمارییەكان بۆ كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ-ەوە گوتی:"نەیتوانیوە جیهان بخوێنێتەوە".
- پرسیارێك لەبارەی توركیاوە
ئۆباما رایگەیاند چەندینجار لەگەڵ ئەردۆغان چاوپێكەوتنیان ئەنجامداوە و لەچەندین بواردا خاوەنی كاری هاوبەشی گرنگن، راشیگەیاند دەكرێت جیاوازیی بیروڕا هەبێت و ئەوانەش دەردەبڕدرێن.