Mahmut Geldi
26 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2020
بەیروت - AA
موستەفا ئەدیب، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە جێگەی ئەو حکوومەتەی لە پاش تەقینەوە گەورەکەی بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستیلەکارکێشاوە، بە هۆی بێ ئەنجامبوونی کارەکانی کە سێ هەفتەی خایاند، ئەرکەکەی رادەستکردەوە.
ئەدیب کە بە پشتیوانی پارتە سیاسیەکانی موسوڵمان و مەسیحیەکان لە ٣١ی ئابدا ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی وەرگرت، دوێنێ ئەنجامی کارەکانی کە چەند هەفتەیەکە درێژەی هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی تەکنۆکرات لەگەڵ سەرکۆماری وڵاتەکەی میشێل عەون بەش کرد و، ئەمڕۆش سەرلەنوێ سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری بەعبەدا-ی کردەوە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆمار عەون، موستەفا ئەدیب لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک کە تەواو لە تەکنۆکراتەکان پێکبێت لە لایەن گرووپە سیاسییەکانەوە پێشوازی لێنەکراوە، لەبەرئەوە وازی لە ئەرکەکەی هێناوە.
ئەدیب بە گوتنی ''خوا لوبنان و لوبنانيیەکان بپارێزێت'' کۆتایی بە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەی هێنا.
- عەون بە پێی دەستوور هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر
لە روونکردنەوەیەکدا کە لە لایەن کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە دوای ئەوەی موستەفا ئەدیب ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی بەشکرد کە لە کاتی بەڕێوەبردنی کارەکانیدا بۆ پێکهێنانی حکوومەت هاتوونەتە سەر رێگای، بە سەرکۆمار عەونی راگەیاندووە کە ئەرکەکەی وازلێهێناوە.
لە روونکردنەوەکەدا باس لەوە کراوە کە سەرکۆمار عەون سوپاسی ئەدیب-ی کردووە بۆ کارەکانی و، بە پێی دەستوور هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.