Mahmut Geldi
10 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2020
بەیروت - AA
لوبنان ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە کە باس لەوە دەکەن لەژێر بەندەری بەیروت کە هەفتەی رابردوو تەقینەوە بەهێزەکەی تیادا روویدا، تونێلێک هەبووە کە سەربە رێکخراوێکی ناوخۆیی بووە.
سوپای لوبنان، راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو بانگەشانە بڵاوکردەوە کە چەند رۆژێکە لە دەزگاکانی راگەیاندن و میدیای کۆمەڵایەتییدا باس لەوە دەکەن لەژێر بەندەرەی بەیروت کە تەقینەوە گەورەکە روویدا و زیانێکی زۆری گیانیی و ماددی لێکەوتەوە، تونێلێک هەبووە کە سەربە رێکخراوێکی ئەو وڵاتە بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو بانگەشانە دوورن لە راستییەوە و لەژێر سایلۆی بەندەرەکەدا بینایەک هەبووە و بەوە لە سایلۆکانەوە دەگەن بە ژووری ئۆپەراسیۆن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە ژووری ئۆپەراسیۆندا بەرزکەرەوەکانی ناو سایلۆکە و میکانیزمی راکێشانی بەروبوومی دانەوێڵە لە کەشتییەکان کاری پێ کراوە و ئەوانەیش لە هەفتەیەکدا حەوت رۆژ ٢٤ کاتژمێر کاریان کردووە.
- تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت
لە چواری ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کەوتەوە کە ماددەی تەقینەوەی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز رووی دا کە هەموو بەیروتی هەژاند.
لە تەقینەوەکەدا، ١٥٨ کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی شەش هەزار کەس برینداربوون.
سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون باسی لەوە کردبوو کە تەقینەوەکە بەهۆی دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئامۆنیۆمەوە روویداوە کە شەش ساڵە لە کۆگایەکی بەندرەری بەیروتدا هەڵگیراوە.
دوای ئەو لێدوانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها لە راگەیاندنی لوبنان و جیهاندا پرسیارێکی زۆر وروژێنرا و بانگەشەی کەمتەرخەمی بووە رۆژەڤ.
ئەوەی بووە جێی پرسیار کە هۆکارچییە، شەش ساڵە دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئامۆنیۆم لە بەندەرەکە هەڵگیراوە.