Zana Natık Kerem
10 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2020
بەیروت ــ AA
سەرچاوەیەكی فەرمی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان رایگەیاند كە بەهۆی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، حكوومەتی ئەو وڵاتە بەسەرۆكایەتی حەسسان دیاب دەست لەكار دەكێشێتەوە.
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی تەقینەوەكەی بەندەری شاری بەیروت-ەوە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی لوبنان، حەسسان دیاب و سەرجەم وەزیرەكان، یەكلایی بووەتەوە".
هاوکات وەزیری گەیاندن، تەلاڵ حوت و وەزیری كۆچ و كۆچبەران، عادە شریم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت یەكلایی بووەتەوە.
وەزیری گەیاندن، تەلاڵ حوت دوای كۆبوونەوەی حكوومەت بۆ رۆژنامەوانان گوتی: "ئەگەر حكوومەت دەستلەكار نەكێشێتەوە، ئەوا خۆم نامەی دەستلەكاركێشانەوەم پێشكەش دەكەم".
هاوكات وەزیری كۆچ و كۆچبەران، عادە شریم بە هەمان شێوەیە بە رۆژنامەوانانی رایگەیاند كە پاڵپشتیی لەو پێنشازە دەكات كە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم وەزیرەكان پێشكەشكراوە و گوتی:
"ئەگەر سەرجەم وەزیرەكان دەستلەكارنەكێشنەوە، ئەوا خۆم نامەی دەستلەكاركێشانەوەم پێشكەش دەكەم".
پێشتر بەهۆی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، وەزیری دادی لوبنان، ماری كلۆد نەجەم، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە سەرۆكوەزیران، حەسسان دیاب كردبوو.
ماری كلۆد نەجەم سێیەم وەزیرە لە حكوومەتی لوبنان كە بەهۆی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت دەست لەكار دەكشێتەوە.
دوێنێ یەكشەممە وەزیری راگەیاندن، مەنال عەبدولسەمەد و وەزیری ژینگە، دیمیانوس قەتار بەهۆی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت دەستیان لەكار كێشابووەوە.
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شاری بەیروت رووی دا كە بەهۆیەوە تا ئێستا بەپێی دوایین ئامار ١٥٨ كەس كوژراون و شەش هەزاری دیكەیش برینداربوون.