Mohammed Baqi Hussein,Muhammet Ali Kemal
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2017
ئەستانا - AA
گوتەبێژی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە دانوستانەکانی ئاستانا، یەحیا عرێزی رایگەیاند "بەمەبەستی راگرتنی ئەو خوێنەی لە وڵاتەکەیان دەڕژێت و کۆتاییھێنان بەتوندوتیژییەکانی رژێمی سووریا و ئێران بەشدارییان لە دانوستانەکانی ئاستانادا کردووە".
بەرلە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاستانای پایتەختی کازاخستان، عرێزی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دانوستانەکانی ھەڵسەنگاند.
عرێزی جەختیکردەوە کە بابەتی یەکەمی دانوستانەکان پێشێلکارییەکانی ئاگربەستە لەلایەن رژێمی سووریا و چەکدارە شیعەکانی ئێران.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە بابەتێکی دیکە رەھەندی مرۆییە و پێویستە بەپێی ماددەکانی ١٣ و ١٤ی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بابەتی ھەڵگرتنی گەمارۆکانی رژێم و کۆتاییھێنان بەپاکتاوی نەژادی بھێنرێت.
عرێزی گوتی: "دەکرێت ئەمە بەڵگەیەکی بەھێزی لەسەر بنەمای بەیاننامەی جنێڤی یەک لێبکەوێتەوە و بە بنەمای چارەسەری سیاسیی کۆتایی ھەژمار بکرێت و کۆتایی بەپێشێلکارییەکانی ئێستا بھێنێت".
- "کەشەکە کەشی گەشبینی و رەشبینی نییە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانەوە عرێزی گوتی: "کەشەکە کەشی گەشبینی و رەشبینی نییە. ئێمە وەک لایەنێکی بابەتەکە، پەیوەندییمان بەھەوڵەکانی تورکیاوە ھەیە. پەیوەندیی بەڕووسیاشەوە ھەیە. رووسیا پێی وایە سەرکەوتنی لەڕووی سەربازییەوە بەدەستھێناوە، ئێستاش بەدوای دەستکەوتی سیاسییەوەیە. پێی وایە ئەگەر کارێک بکرێت لەڕووی سیاسییەوە، تاجی سەرکەوتنی لەسەردەکرێت. ئەو لایەنەی بەندە بەسەرکەوتنی کۆبوونەوەکانەوە، ئەو لایەنەیە کە لەبەردەم بۆردومانەکانی رووسیا و توندوتیژییەکانی رژێمی سووریا و ئێراندایە. ئەگەر ئەو رێککەوتنەی بەگرنتیی رووسیا و تورکیا لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦دا دەستەبەرکرا پەسەندبکرێت و گرنتیی بکرێت، ئەوکاتە ئێمە بابەتەکە تا رادەیەک بەسەرکەوتوو دەزانین".
عرێزی باسی لەوەکرد سەبارەت بەئامانجەکانی کۆبوونەوەکانی ئاستانا لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا قسەیان کردووە و گوتی: ''بەمەبەستی وەستاندنی ئەو خوێنەی کە دەڕژێت و کۆتاییھێنان بەو توندوتیژییەی رژێم و ئێران پەیڕەوی دەکەن، ھاتووینەتە ئێرە''.
- ''گومانم لە ئێرانییەکان ھەیە''
سەبارەت بەڕۆڵی ئێران لە پرۆسەکەدا، عرێزی گوتی: ''ئێرانییەکانیش لێرەن، بەڵام گومانم لێیان ھەیە. کە باس دێتە سەر رووسیاش، تێپەڕینی کات لەدژی بەرژەوەندی ئەوانە. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا رووسیا لەسەر ئاستی سیاسیی شتگەلێکی لە دەستدەچێت. دەیانەوێت ئەو دەستکەوتەی لەڕووی سەربازییەوە بەدەستیان ھێناوە، بیکەنە دەستکەوتی سیاسی. بەڵام ئێرانییەکان پێویستییان بەکاتە. کاتیان دەوێت بۆ ئەوەی درێژە بەپرۆژەکەیان بدەن. پێویستە ئێران بڕیاربدات سەبارەت بەوەی دەبێتە بەشێک لە کێشە یان دەبێتە چارەسەر. ئەوان ھەوڵەکان تێکدەدەن، داگیرکەرن، بێ ئەوانیش چارەسەر زۆر سەختە''.