له ئۆپهراسیۆنێكدا له مهكسیك داواکراوترین بارۆنی ماددە هۆشبەرەکانی وڵاتهكه، ئێل مێنچۆ كوژرا
Bolivar
بۆگۆتا - AA
لە ئهنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا لە مەکسیک، سەردهستهی کارتێلی نەوەی نوێی جالیسکۆ (CJNG) و داواکراوترین بارۆنی ماددە هۆشبەرەکانی وڵاتهكه، نێمێسیۆ ئۆسێگێرا سێرڤانتێس كه به (ئێل مێنچۆ) ناسراوە، کوژرا.
بەپێی ڕاگهیاندنی ناوخۆی مەکسیک، لە ناحیهی تاپاڵپا كه دهكهوێته نزیکەی ١٣٠ کیلۆمەتری باشووری شاری گوادالاخارای پایتەختی ویلایەتی جالیسکۆ، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی کارتێلی CJNG ئەنجامدراوە.
تا ئێستا بەرپرسان وردەکاریی زیاتری ئۆپەراسیۆنەکەیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ڕایانگەیاندووە کە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا بارۆنی ماددە هۆشبەرەکان، ئێل مێنچۆ کوژراوە.

کوژرانی ئێل مێنچۆ شەپۆلێکی گەورەی توندوتیژیی لە ویلایەتەکەدا لێکەوتەوە. دوای ئۆپەراسیۆنەکە و وەک ئهگهری تۆڵەسەندنەوەی ئەو ڕێکخراوە تاوانکارییە، لە جالیسکۆ و چەند ویلایەتێکی دیکەی وڵاتهكه ژمارەیەکی زۆر ڕێگا داخران و چەندین ئۆتۆمبێل و دووكان سووتێندران.
لەو دیمەنانەی لە ڕاگهیاندنهكان و تۆڕەكانی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە، لە ویلایەتەکانی جالیسکۆ، میچۆاکان، کۆلیما، نایاریت، ئاگواسکالێنتێس و تامایولیپاس ئۆتۆمبێلە سووتاوەکان و بەرزبوونەوەی دووکەڵ دەبینرێت، هەروەها لە گواناخواتۆش هەندێک دووكان سووتێندراون.
حکوومەتی ویلایەتی جالیسکۆ داوای لە خەڵک کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هاتوچۆی گشتیی ڕاگرتووە، بەهۆی ئەو پەرەسەندنانەی هەڕەشە لە ئاسایشی خەڵک دەکەن، باری نائاسایی "ئاگاداری سوور"ی ڕاگەیاندووە.
ههروهها مێزێکی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی، ویلایەت و ئیدارە خۆجێییەکان پێکهێنراوە.
ئەمریکا ئێل مێنچۆ ۆی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە ڕێگەی قاچاخی فێنتانیلەوە ژیانی زۆر کەسی فەوتاندووە و حوکمێکی پڕ لە تیرۆری لە مەکسیک بەڕێوە بردووە. واشنتۆن بڕی ١٥ ملیۆن دۆلار پاداشتی بۆ دەستگیرکردنی تەرخان کردبوو، هەروەها کارتێلی CJNGی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندبوو.
%2FAA-40640948.jpg)
