Dlshad Saifaalddin Ahmed
24 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
جێگری بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، دیار نەسرەددین لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا تەواوبوونی ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە سنووری پارێزگاكە راگەیاند و رێنمایی چۆنیەتی دەنگدانی هاووڵاتییان ئاشكرا كرد.
دیار نەسرەددین گوتی: "لە ماوەی سێ مانگی رابردوو دەستمان بە ئامادەكارییەكان كرد و ئەمڕۆ تەواوی ئامادەكارییەكان بە كۆتاييهات، هیچ گرفتێكمان نییە بۆ ریفراندۆمی سبەی و ناوەندەكان دەنگدان ئامادەن".
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی كۆمیسیۆن كە ئەمڕۆ بڵاوكرانەوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، یەک ملیۆن و271 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، 74 ناوەندی دەنگدان كراونەتەوە، 514 بنكە و دوو هەزار و 679 وێستگەی دەنگدان لەو بنكانەدا هەن.
بەرپرسەكەی كۆمیسیۆن لە سلێمانی رایگەیاند کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەشت كەمپ بۆ ئاوارەكان و ئەو كەسانە كراونەتەوە كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە و دەتوانن دەنگ بدەن.
لە سنووری سلێمانی 31 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەكە، هەروەها 32 دەزگای راگەیاندنی ناوخۆ و ژمارەیەك دەزگا و كەناڵی تری راگەیاندنی بیانی رووماڵی راپرسییەكە دەكەن.
بڕیارە پڕۆسەكە سبەی لە كاتژمێر 8ی بەیانی دەست پێ بكات و تا كاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.