Serdar Bıtmez
20 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2020
دۆحە - AA
حکوومەتی قەتەر جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی بۆ کۆتاییهاتنی داگیرکاری ئیسرائیل بۆ خاکی فەڵەستین و بنیاتنانی دەوڵەتی فەڵەستین کە پایتەختەکەی قودس بێت، کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانێک لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی لە میدیای عەرەبی لەبارەی ئامادەیی قەتەر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "دۆحە هەڵوێستی نەگۆڕە لەبارەی مافە رەواکانی فەڵەستین، ئەمەش هەڵوێستی قەتەرە بۆ چارەسەری ریشەیی ئەو ناکۆکییەی کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە بەردەوامیی هەیە".
ئەوەش هاتووە: "بەداخەوە هەڵمەتێکی میدیایی تاریک بۆ شێواندنی وێنەی هەڵوێستی دەوڵەتی قەتەر لەسەر حیسابی گەلی فەڵەستین برا و مافە رەواکانیان لەم کاتەدا دەستی پێکردووە".
لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە قەتەر ئەوەی لە توانایدا بێت بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی گەلی فەڵەستین تاوەکو گەیشتن بە سەرجەم مافە رەواکانیان.
رۆژی شەممە، ماڵپەڕی کەناڵی "عەرەبییە"ی سعوودی لێدوانێکی بەناوی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری کەنداو، تیموسی لیندەرگینگ بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە درابوو کە قەتەر لاری نییە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
بەڵام دەقی لێدوانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جیاوازبوو لەوەی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا رایگەیاندبوو کە قەتەر لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل وەڵامی داوەتەوە و واشنتۆن رێز لەو وەڵامە دەگرێت".
راشیگەیاندبوو کە گفتوگۆکان لەگەڵ دۆحە بەردەوامە بەمەبەستی هاندانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
رۆژی ١٥ ی ئەیلوول، هەریەک لە ئیمارات و بەحرێن لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کرد