Hussein Mahmoud Ragab Elkabany
12 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2019
قاهیرە ــ AA
بە مەبەستی تاوتوێكردنی كاردانەوەكان لەهەمبەر رەوشی میدانی سووریا، كۆبوونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب لە بارەگای كۆمكاری عەرەبی لە شاری قاهیرە پایتەختی میسر، بەبێ ئامادەبوونی سووریا، بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكە لەسەر داوای میسر بەڕێوەچوو دوای ئەوەی توركیا ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات باكووری سووریا بە ئامانجی پاككردنەوەی ناوچەكە لە تیرۆریستان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر زێدی خۆیان دەستپێكردووە.
بەپێی كەناڵی فەرمی میسر، بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەكیم كۆبوونەوەكەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكەیش لە کاتێکدا تایبەت بە تاوتوێكردنی كاردانەوەكان لەهەمبەر رەوشی میدانی سووریا سازكراوە، كەچی سووریا لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەنەبوو بە هۆی ئەوەی لە ٢٠١٢وە ئەندامێتی لە كۆمكاری عەرەبی هەڵپەسێردراوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو "سوپای توركیا پێكەوە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی-یان بۆ سەر رێكخراوە تیرۆریستییەكانی پەكەكە/یەپەگە و داعش لە باكووری سووریا دەستپێكردووە، ئامانجمانە رێڕەوی تیرۆر كە هەوڵ دەدرێت لە باشووری سنوورەكەماندا دروست بكرێت، لەناوبەرین و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەكە بهێنین. لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی-ەوە هەڕەشەی تیرۆر لەسەر وڵاتەكەمان لەناودەبەین. لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی-یەوە لە ناوچەكەدا ئارامی دروستی دەكەین تیایدا پەنابەرانی سووریا دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان. یەكپارچەیی خاكی سووریا دەپارێزین و سەرجەم دانیشتوانی ناوچەكە لە چنگی تیرۆریستان رزگار دەكەین. ناوچەوانی هەموو ئەو سەربازە قارەمانانە ماچ دەكەم كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشدارن، هیوای سەركەوتوو بوون بۆ هەموویان و ئەوانەش دەخوازم لە یەكە ناوخۆییەكانی ناوچەكە كە پشتگیریان دەكەن''.