Zeynep Tüfekçi,Ramal Abdullah Mahmood
09 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2017
رامەڵڵا – AA
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیاری ناساندنی قودس بە "پایتەختی ئیسرائیل" لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپەوە، پزیشک، ددانساز و دەرمانسازانی فەڵەستین بڕیاریاندا بایکۆتی دەرمان، کەلوپەل و پێداویستی و ئامێری پزیشکی ئەو وڵاتە بکەن.
نەقیبی سەندیکای پزیشکانی فەڵەستین، نیزام نەجیب لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، ئەندامانی هەرسێ سەندیکای پزیشکان، ددانسازان و دەرمانسازان بڕیاریان داوە بایکۆتی دەرمان، کەلوپەل و پێداویستی و ئامێری پزیشکی ئەو وڵاتە بکەن.
نەجیب جەختی لەوە کردووەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو دەرمان، کەلوپەل و پێداویستی و ئامێرە پزیشکیانە وڵاتانی عەرەبی دۆست هەڵدەبژێرن، نووسیوویشیەتی: "ئەمریکا بە دوا بڕیاری لەبارەی قودسەوە هەڵوێستێکی داگیرکەرانەی بەرامبەر خاکەکەمان نواند. ئەوەی دەکەوێتە سەرشانی ئێمە خۆڕاگری و هەڕەشەکردنە لە بەرژەوەندییەکانی بە رێگای جۆراوجۆر".