Yaser Albanna,Gülşen Topçu
12 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2019
غەززە ــ AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند كە لە ئاكامی ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانیان بۆسەر ماڵێك لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە، سەركردە لە سەرایا قودس باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، بەها ئەبو عەتا لەگەڵ هاوژینەكەی كوژراون.
لە راگەیەندراوێكی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەكە بەهاوبەشی سوپا و هێزی ئاسایشی گشتی لە درەنگانی شەوی رابردوودا ئەنجامدراوە و لە میاندا ماڵێك لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە كراوەتە ئامانج كە سەركردە لە سەرایا قودس باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، بەها ئەبو عەتا لەگەڵ هاوژینەكەی تیادابوون".
بەپێ راگەیەندراوەكە: "بەها ئەبو عەتا پێشتر راستەوخۆ بەشداریكردووە لە هەوڵەكان بۆ بەئامانجكردنی هاووڵاتییان و سەربازانی سوپای ئیسرائیل، هەروەها سەرپەرشتی ئەو مووشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەشی كردووە كە ئاراستەی ئیسرائیل كراون".
لای خۆیەوە سەرایا قودس هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند كە لە هێرشێكی سوپای ئیسرائیلدا لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە، بەها ئەبو عەتا لەگەڵ هاوژینەكەی كوژراون.
سەرایا قودس راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا جەختیكردووەتەوە كە وەڵامدانەوەی كوژرانی بەها ئەبو عەتا بەجۆرێك دەبێت كە سنووری بۆ نابێت، دوژمن بەرپرسیاریەتی ئەنجامی ئەو تاوانە لەئەستۆ دەگرێت.
هاوكات وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە كەرتی غەززە رایگەیاند كە لە ئاكامی تەقینەوەیەك لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە، هاووڵاتییەك بە ناوی بەها ئەبو عەتا لەگەڵ هاوژینەكەی كوژراون.
هەر لەوبارەوە وەزارەتی ناوخۆی فەڵەستین لە غەززە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە لێكۆڵینەوە لەو زانیارییە دەكات كە لەبارەی بەئامانجكردنی سەركردەیەكی هێزی بەرگریی فەڵەستین لە گەڕەكی شوجاعە رۆژهەڵاتی غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوكراوەتەوە.