Gamze Türkoğlu Oğuz,Rewa Mahmut Hasan
14 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە-AA
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایانگەیاند کە لەو باوەڕەدان لە ماوی مانگێکی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای میانمار لە هەرێمی ئاراکاندا، لانیکەم شەش هەزار و ٧٠٠ موسڵمان کوژراون.
بە پێی هەواڵێکی کەناڵی بی بی سی، رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لیکۆڵینەوەیان لەگەڵ پەنابەراندا لە بەنگلادیش ئەنجام داوە و دەرکەوتووە لە ٢٥ی ئاب تا ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٧، نۆ هەزار موسڵمان لە ئاراکان گیانیان لەدەستداوە، لەوانە لانیکەم شەش هەزار و ٧٠٠یان بە هۆی توندوتیژی بوونەتە قوربانی.
لەسەدا ٦٩ی قوربانیەکانی توندوتیژی بە فیشەک کوژراون و لەسەدا نۆیان بە سووتاندن گیانیان لەدەست داوە و لەسەدا پێنجیشیان بە لێدان کوژراون.
لەنێو کوژراوەکاندا، لانیکەم ٧٣٠یان لەخوار تەمەنی پێنج ساڵیەوەن و لەسەدا ٥٩ی ئەو منداڵانەش بە فیشەک کوژراون و لەسەدا ١٥یان سووتێنراون و لەسەدا حەوتییان لێدراون و لەسەدا دوویان بە هۆی مینەوە گیانیان لەدەست داوە.
٦٤٧ هەزار موسڵمانی ئاراکان لە میانمارەوە وەک ئاوارە روویان لە بەنگلادیش کردووە.