Laith Al-jnaidi,Sarmand Hameed
03 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2023
عەممان - AA
شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن تاوتوێی میکانیزمەکانی هاوکاری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانیان لە فەڵەستین کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە دیوانی شاهانەی ئوردن بڵاوکراوەتەوە، عەبدوڵڵای دووەم کە بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتۆنە، لە کۆشکی سپی لەگەڵ بایدن کۆبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی دیدارەکەدا عەبدوڵڵای دووەم ستایشی رۆڵی سەرکرایەتی ئەمریکای بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و دۆزینەوەی ئاسۆی سیاسی راستەقینە بۆ پاراستنی دەستپێشخەرییەکانی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەن و دادپەروەرانە لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت، کردووە.
هەر لە میانی دیدارەکەدا، شای ئوردن جەختی لە پێویستی وەستاندنی هەنگاوەکانی ئیسرائیل کردووە کە دەبێتە رێگر لە بەردەم چارەسەری دوو دەوڵەت و تەشەنەسەندنی زیاتری قەیرانەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە عەبدوڵڵای دووەم داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی فەڵەستین لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان کردووەتەوە ئەمەش بە دروستکردنی دەوڵەتێک لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ و پایتەختەکەی رۆژهەڵاتی قودس بێت تاوەکو بە ئارام و ئاسایش لەگەڵ ئیسرائیلدا بژێت.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن جەختی لە پشتیوانیکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت کردووەتەوە و ستایشی رۆڵی کاریگەری بنەماڵەی شاهانەی لە پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان لە قودس کردووە.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عەبدوڵڵای دووەم و بایدن تاوتوێی قوڵایی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات و سووربوونی خۆیان لە بەردەوامیدان و پەرەپێدانی زیاتری لە بوارە جیاجیاکاندا کردووە.
ئەم دیدارەی شای ئوردن و سەرۆکی ئەمریکا بە چوارەم دیداری نێوانیان لە ماوەی یەک و ساڵ و نیودا دادەنرێت.