Dildar Baykan Atalay
20 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە رووسیا بیری لە داگیرکردنی ئۆکراینا کردووەتەوە، بەڵام دەرەنجامی ئەوە بۆ رووسیا ''کارەسات'' دەبێت.
جۆ بایدن بەبۆنەی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر سەرۆکایەتیەکەدا لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی کرد.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئەگەر رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات ئەوا رووبەڕووی سزایەکی ئابووریی قورس دەبێتەوە کە پێشتر نەیبینیوە.
گوتیشی: ''داگیرکردن و داگیرنەکردنی ئۆکراینا پەیوەستە بە رووسیاوە، بەڵام ئەگەر دەستوەردانێکی بچووک هەبێت لە ئۆکراینادا، ئەوا پێویستە شەڕ بکەین لەبارەی دەرەنجامی ئەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بە قەبارەی ئەو توانا سەربازییەی لە سنوور کۆیان کردووەتەوە بەتەمای کارێکی گەورەبن ئەوە دەبێتە کارەسات بۆ رووسیا. ئەگەر رووسیا ئۆکراینا داگیر بکات، ئەوا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانانماندا ئامادەی هەنگاوگەلێکی جیددی بیگرینەبەر کە زیان بە رووسیا دەگەیەنێت. وەک دەزانن پشتیوانی پێشکەش بە هاوپەیمانانی ناتۆمان دەکەین''.
جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە لەئێستادا، بە بەهای ٦٠٠ ملیۆن دۆلار پێداویستی سەربازییان رەوانەی ئۆکراینا کردووە، هۆشداریشیدا و گوتی: ''ئەگەر بچنە ئۆکرایناوە، رووسەکان زیانی گیانیان زۆر دەبێت''.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەگەر رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات، ئەوە دەرەنجامی جیددی کورت، مامناوەند و دوور مەودای بۆ رووسیا دەبێت و گوتی: ''بانکەکانی رووسیا ناتوانن بەرەنگاری دۆلار ببنەوە''.
جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەنگێکی تەواو ناخوازێت و گوتی: ''رووسیا بەواتای جیددی خۆرئاوا، ئەمریکا و ناتۆ تاقی دەکاتەوە. بەڕای من دەچێتە ئۆکرایناوە''.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکێک لە مەرجەکانی رێککەوتنی رووسیا بەشداری نەکردنی ئۆکراینایە لە ناتۆدا و گوتی: ''هەموو وڵاتێک مافی بەشداریکردنی لە هەر رێکخراوێکدا هەیە کە دەیەوێت، بەڵام من پێموانییە ئۆکراینا بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا مەرجەکانی جێبەجێ بکات و بەشداری لە ناتۆدا بکات''.
گوتیشی: ''پوتین پیاوێکی خاوەن زانیارییە، پێموایە حسابی ئەنجامەکانی کردووە. بەڕای من هێشتا بڕیاری نەداوە''.
بایدن باسی لەوەشی کرد کە دەکرێت کۆبوونەوەی لووتکەیەکی دیکەی لەگەڵ پوتیندا ئەنجام بدات و رایگەیاند ''ئەگەر رووسیا ئۆکراینا داگیر بکات، ئەو رووداوە لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم دەبێتە گەورەترین رووداو لە جیهاندا''.