Sarmand Hameed
22 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
لە میانی دیداری لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح جەختی لە پێویستی مسۆگەرکردنی ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەر و کاری جددی بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و بەرنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوھەوا کردەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، بەرھەم ساڵح لە نیویۆرک چاویکەوت بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێریس.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح پیرۆزبایی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس کردووە بەبۆنەی دووبارە ھەڵبژاردنەوەی وەک سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەروەھا بەگرنگییەوە باسی لە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لەبوارە جیاجیاکاندا کردووە، بەتایبەتی پشتیوانی لە بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەم بە ناردنی چاودێران لە پێناو دادپەروەریی و پاکوبێگەردیی ھەڵبژاردنەکان.
سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەگرنگی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو بۆ گەلی عێراق کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش جەختیکردەوە لە پێویستی دابینکردنی کەشێکی لەبار و گونجاو بۆ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاکوبێگەردی دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ.
ھەر لە دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح دووپاتیکردەوە لەسەر پێویستی پشتگیریکردنی ھەوڵەکانی عێراق لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ وڵات و گەلەکەی و گرنگی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و گێڕانەوەی رۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەکە و جیھان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە لە پێویستی پتەوکردنی ھەماھەنگی نێودەوڵەتیی لە بەرامبەر بەرنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی سەردەم، بەتایبەتی توندوتیژی و تیرۆر و قەیرانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە کە بووەتەوە ھەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ھەموو مرۆڤایەتیی، ھاوکات ئاماژەشی کردووە بۆ ئەوە عێراق چاوی لە پشتیوانی و شارەزایی نێودەوڵەتییە لەم بوارەدا بەمەبەستی پشتگیریکردن لە پلانی نیشتمانی بۆ دووبارە بوژاندنەوەی وادی رافیدین لە رووی ژینگەیی و دامەزراندنی چەمکەکانی ئابووری سەوز.
لەلای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە عێراق ھاتوونەتەدی، بەتایبەتی ھەوڵەکانی عێراقی بەرزنرخاند بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا جەختیشیکردەوە کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لەپشتگیری عێراق لە رێگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق.