Rewa Mahmood Hasan
02 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2019
جەزائیر-AA
دوای خۆپیشاندانە چڕەکانی جەزائیر کە ماوەیەکە ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە، سەرکۆماری جەزائیر عەبدولعەزیز بوتەفلیقە دەستی لەکار کێشایەوە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی جەزائیر APS بڵاوی کردەوە کە سەرکۆمار عەبدولعەزیز بوتەفلیقە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی گەیاندۆتە سەرۆکی ئەنجوومەنی دەستووریی.
ئێواری ئەمڕۆ سەرۆکئەرکانی سوپای جەزائیر ئەحمەد قاید ساڵح داوای لە سەرکۆمار عەبدولعەزیز بوتەفلیقە کرد کە بەپەلە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.
رۆژی رابردوو لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری جەزائیرەوە ئاماژە بەوە درابوو کە بوتەفلیقە پێش تەواو بوونی وادەی خۆی لە ٢٨ ی نیساندا دەستلەکاردەکێشێتەوە. بەجیا لەراگەیەندراوەکەدا هاتبوو، پێش دەستلەکارکێشانەوە، لەپێناو بەردەوامی دان بە کاروباری دەزگاکانی دەوڵەت کۆمەڵە بڕیارێک دەدرێت.
بوتەفلیقە لە ١٩٩٩ەوە تائێستا بۆ چوار خول، سەرکۆماری جەزائیر بووەو لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدایە، سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستی لە ٢٢ی شوباتدا رایگەیاند کە خۆی کاندید دەکات بۆ خولی پێنجەمی سەرۆکایەتی کۆمار و دوابەدوای ئەمەش خۆپیشاندان لەو وڵاتە دەستی پێکرد.
لەدوای کاردانەوەکان بوتەفلیقە لە ١١ی ئازاردا ئاشکرای کرد کە هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ١٨ی نیسان دوادەخرێت و کاندید بوونی خۆیشی هەڵوەشاندۆتەوە و چەند گۆڕانکاریەک لەچوارچێوەی ئیدارەداندا ئەنجام دەدات.