Çiğdem Münibe Alyanak,Berk Özkan
21 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی وەحدەددینەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداریی لە لووتکەی G20 کرد کە ئەمساڵ لەلایەن سعوودیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا گوتی: "لەبارەی ھاریکاریکردن و ھاوکاری کردنی یەکتر لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا، بە داخەوە جیھان بە تایبەتی وڵاتانی پێشکەوتوو نەیانتوانی ئەنجامێکی باش لە تاقیکردنەوەکەدا بەدەستبھێنن".
ئەردۆغان لەبارەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گوتی: "ئەو ڤاکسینەی کە تورکیا بەرھەمی دەھێنێت، خوا یاربێت دەیخەینە خزمەتی گشت مرۆڤایەتیی".
ئەردۆغان باسی لە ئاسانکارییەکانی دەستکەوتنی ئەم ڤاکسینە کرد و گوتی: "پێویستە سەکۆی G٢٠، میکانیزمی پێویست ئامادە بکات بۆ ئەوەی دەستگەیشتنی ئەم ڤاکسینە بە نرخێکی گونجاو و دروست لەلایەن ھەموو کەسێکەوە گەرەنتی بکات".
ئەردۆغان گوتیشی: "تورکیا لە چوارچێوەی بنەماکانی رێکخراوی بازرگانی جیھانیی، لایەنگری دەستەبەرکردنی ئاسوودەیی و گەشەسەندی ئابووری جیھانییە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "وێڕای ئەوەی تاکو ئەمڕۆ ھاوکارییمان پێشکەش بە ١٥ وڵاتی ئەندام لە G٢٠ کردووە، مۆڵەتی ھەناردەکردن و فرۆشتنی کەلوپەلیش لە وڵاتەکەمانەوە، بەدەستھێناوە".
لووتکەی G20 کە ئەمساڵ سعوودیە میوانداری دەکات، رۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢١ و ٢٢ـی تشرینی دووەم بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.
سعوودیە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا بۆ ماوەی ساڵێک سەرۆکایەتی لووتکەی G20 ی وەرگرت، دوای کۆتاییهاتنی ئەو لووتکەیەی کە لە ژاپۆن بەڕێوەچوو.
چاوەڕێ دەکرێت سەرکردەی وڵاتانی تورکیا، ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، هیندستان و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە وەک رووسیا و چین بەشداریی لووتکەکە بکەن.