Muhammet İkbal Arslan
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
جنێڤ - AA
ئەنجوومەنی فیدراڵیی سویسرا بە پاساوی "دەستدرێژییە سەربازییەکانی لە ئۆکراینا"، بڕیاری دا سزای زیاتر بەسەر رووسیادا بسەپێنێت.
ئەنجوومەنی فیدراڵی سویسرا لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "سویسرا وەک کاردانەوەیەک لەهەمبەر هێرشە سەربازییەکانی و ئەو کردە سەربازییانەی کە ئامانج لێی زیان گەیاندنە بە سەروەری، ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا، پاکێجی نۆیەمی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپای لە دژی رووسیا پەسەند کرد".
پاکێجی نۆیەمی سزاکان کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ دژبە رووسیا جێبەجێ کرا، بریتییە لە زیادکردنی نزیکەی ٢٠٠ کەس و دامەزراوە و سێ بانکی رووسیا بۆ لیستی سزاکان و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی بەرهەمی دروستکراوی رووسیا و قەدەغەکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی کانزاکارییدا. سزاکانی سویسرا بۆسەر رووسیا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
جگە لەوەش بڕیارە سویسرا قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کاڵاکانی پەیوەست بە پیشەسازی فڕۆکەوانیی درێژ بکاتەوە کە بزوێنەری فڕۆکە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش دەگرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە سویسرا بەنیازە وەبەرهێنانی نوێ لە کەرتی کانزاکاریی رووسیا قەدەغە بکات.
سویسرا کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نییە لە رووی ئابوورییەوە پەیوەندیی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا دەپارێزێت.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا، سەرۆکی ئەوکاتەی فیدراسیۆنی سویسرا، ئیگناسیۆ کاسیس رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی سزا داراییەکانی یەکێتیی ئەورووپای لە دژی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و بەرپرسانی دیکەی رووسیا بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر خاکی ئۆکراینا، پەسەند کردووە.