Ahmet Karaahmet,Mehmet Burak Karacaoğlu
15 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2021
ئیدلب - AA
لە ئاکامی ھێرشی ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەربە ئێران بۆسەر گوندەواری پارێزگای حەلەب باکووری سووریا، دوو ھاووڵاتیی مەدەنی کوژران و چواری دیکەیش برینداربوون.
ھێزەکانی رژێم بە مووشەکی زەوی بە زەوی ھێرشیان کردە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە کەفەر نوران سەربە گوندەواری پارێزگای حەلەب کە لە سنووری ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژیی ئیدلب-دایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی بەرگریی شارستانی (کڵاو سپییەکان)ەوە بە دەستکەوتووە لە ھێرشەکەدا، دوو مەدەنی کوژراون کە یەکێکیان منداڵە و چوار مەدەنی دیکەیش برینداربوون.
دوا بە دوای ھێرشەکە برینداران گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە.
- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی رژێمی ئەسەدا نین.
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانییکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانیی رووسیا سێ دانەیان لەو چوار ناوچەیە کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، ھەرچەندە تورکیا لە ئەیلوولی ٢٠١٨دا لەگەڵ رووسیا رێککەوتنێکی واژوو کرد بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستەکە، بەڵام لە ئایاری ٢٠١٩دا، سەرلەنوێ ھێرشەکان چڕبوونەوە، دواتر تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداری ٢٠٢٠دا رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد کە بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزگاری لێ دەکرێت.
لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢٠دا، نزیکەی دوو ملیۆن ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانەوە ناچاربوون بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری سووریا لەگەڵ تورکیا کۆچ بکەن.