Betül Yürük,Muhammet Ali Kemal
27 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2019
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
سووریا لەدوای بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ ناسینی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا، داوای سازکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە دەستکەوتوون، سووریا لەدوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ ناسینی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کۆبوونەوەیەک لەوبارەیەوە سازبکات.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی بڕیارنامەیەکەوە کە واژوویکرد، رایگەیاند ئەمریکا سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا، دەناسێت.
لە یەکەم بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەوبارەیەوە کە لە ساڵی ١٩٨١دا بە ژمارە ٤٩٧ دەریکردووە، دژایەتیی داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوە دەکرێت و تیایدا هاتووە "بڕیاری ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی، دادوەریی و کارگێڕیی وڵاتەکەی لە بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلاندا، پووچە و لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە هیچ رەوایەتییەکی نییە".
ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ەوە تا ئێستا بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە کە بەشێکە لە خاکی سووریا.