Burak Karacaoğlu,Eşref Musa,Ramal Abdullah Mahmood
08 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2018
ئیدلب – AA
لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا کە یەکێکە لە ناوچە لە پێکدادان پارێزراوەکان، ٢٤ هاووڵاتیی سڤیل کوژران.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی بەرگری شارستانییەوە دەست کەوتوون، بە درێژایی شەوی رابردوو چەندین جار هێرشکراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئیدلب کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سەربازی و گرووپەکانی دژ بە رژێمی بەشار ئەسەددایە.
لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا، ١٢ کەس لە گوندی فالول، سێ کەس لە گوندی کەفر نوبل، سێ کەس لە شەیخ ئەحمەد، چوار کەس لە هەردوو گوندی ئەلگەدفە و کەن سافرا و دوو کەسی دیکەش لە شارەدێی ئەبوزوهور کوژراون.
یەکەکانی بەرگری شارستانی کۆتاییان بە کارەکانی گەڕان و پشکنین و فریاکەوتن هێناوە و بریندارانیان گواستوونەتەوە نەخۆشخانەکانی ئیدلب.
لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئیدلب چڕکراونەتەوە و زیاتر لە ٩٠ هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ی دیکەش بریندار بوون.