Burak Karacaoğlu,Eşref Musa
05 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2018
ئیدلب - AA
هاووڵاتییانی مەدەنی دانیشتووی پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا وێڕای ئاماژەدان بەوەی متمانە بە تورکیا دەکەن سەبارەت بە دەستەبەرکردنی پاراستنی گیانیان و رێگرییکردن لە هەر شەپۆلێکی کۆچی گریمانەکراو، داوای ئەوەش دەکەن ئەنقەرە هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ئەوەی ئیدلب بکاتە ناوچەیەکی دابڕێنراو.
دانیشتوانی سنووری ئیدلب لە ترس، نیگەرانیی و دڵەڕاوکێدا دەژین بە هۆی هێرشی گریمانەکراوی رژێمی ئەسەد و پشتیوانانییەوە بۆ سەر پارێزگاکەیان.
لەو چوارچێوەیەشدا عەممار ستێفی دانیشتووی ئیدلب بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "ئەگەر بێت و رژێم دەست بە بۆردومانکردنی ناوچەکە بکات، ئەوانەی پەنایان بۆ ئیدلب هێناوە بەرەو تورکیا کۆچ دەکەن".
عەممار ستێف گوتی: "هەموو کەس ئەو هێرشە ئاسمانییانەی بینی کە رووسەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا کردییانە سەر جسر ئەلشغور. ئێمە دەمانەوێت ناوچەکە بچێتە ژێر دەسەڵاتی تورکیاوە. خوازیارین تورکیا ببێتە خاوەنی گوتەیەکی سەربازیی لەم ناوچەیە و بیکاتە ناوچەیەکی دابڕێنراو".
زەرزوڕ کە دانیشتوویەکی دیکەی ئیدلبە، بە ئاماژەی دەست ئاماژەی کرد بۆ خاڵەکانی چاودێریی ئاگربەست کە لە لایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب دامەزراون و گوتی: "لە ئیدلب و دەورووبەری تەنها ١٢ خاڵی چاودێریی ئاگربەست هەیە. پێویستە تورکیا ژمارەی ئەم خاڵانە بۆ دوو ئەوەندە بەرزبکاتەوە. بۆ نموونە لەبەر ئەوەی سوپای تورکیا لە گوندەوارەکانی باکووری حەما بوونیان نییە، رژێم بەردەوام بۆردومانی ئەوێ دەکات. لەبەر ئەوەش کە لە ناوچەی مەزیق خاڵی چاودێریی ئاگربەستی لێیە، ئەوێ رووبەڕووی بۆردومان نابێتەوە. ئەو شوێنەی تورکەکانی لێبن، هێرشی ئاسمانیی و وشکانیی نایگرێتەوە".
لای خۆشییەوە خالید مەڕعی کە بە هۆی هێرشەکانی رژێمەوە لە دیمەشقەوە پەنای هێناوەتە بەر ئیدلب گوتی: "خوازیارین تورکیای دراوسێ رێکاری پێویست بۆ رێگرییکردن لە درووستبوونی قەیرانێکی مرۆیی بە هۆی ئۆپەراسیۆنی گریمانەکراو بۆ سەر ئیدلب، بگرێتە بەر".