Behlül Çetinkaya,Muhammet Ali Kemal
05 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2018
ئیسلاماباد - AA
دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاکستان، دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری لەو وڵاتە بڵاوکردەوە، کاندیدی بزووتنەوەی ئینساف، عارف ئەلفی بە بەدەستهێنانی ٣٥٢ دەنگ لە کۆی ٦٦٠ دەنگی هەژمارکراو، وەک سیانزەیەمین سەرکۆماری پاکستان هەڵبژێردرا.
ئەنجامی کۆتایی ئەو هەڵبژاردنەی دوێنێ لە هەردوو بەشی پەرلەمانی فیدراڵی و ئەنجوومەنی چوار ویلایەت، ئەنجامدران لە لایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاکستانەوە بڵاوکرایەوە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە لەو هەڵبژاردنەی کە سێ کاندید رکابەریی یەکترین دەکرد لە کۆی ٦٦٠ دەنگی هەژمارکراو، عارف ئەلفی تەمەن ٦٩ ساڵ توانیویەتی ٣٥٢ دەنگ بەدەست بهێنێت.
هاوکات رکابەرەکانی عارف ئەلفی، کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن، مەولانا فەزلورەحمان ١٨٤ دەنگ و کاندیدی پارتی گەلی پاکستان، ئیعتزاز ئەحسەن ١٢٤ دەنگی بەدەستهێناوە.
بەو ئەنجامەش عارف ئەلفی وەک سیانزەیەمین سەرکۆماری پاکستان هەڵبژێردرا.
عارف ئەلفی رۆژی نۆی ئەیلوول لەدوای ماوەی سەرۆکایەتی سەرکۆمار، مەمنون حسێن لە پۆستەکەیدا دەستبەکاردەبێت.
لە لێدوانێکیشدا بۆ رۆژنامەوانان، عارف ئەلفی گوتی: "سوپای خوای گەورە دەکەم کە گەیشتوومەتە ئەم پلەیە، سوپاسی سەرکردەمان، عیمران خان دەکەم".
بەڵێنی ئەوەشیدا کە بە یەک چاو تەماشای سەرجەم پارتەکان بکات و گوتی: "وەک کاندیدی بزووتنەوەی ئینساف تەنها نابمە سەرکۆماری ئەوانەی سەربە پارتەکەن، بەڵکو سەرکۆماری هەموو پاکستان و سەرجەم پارتەکانم. بە شێوەیەکی یەکسان لە هەموو پارتەکانەوە نزیک دەبم".
لە دۆخی ئاساییدا ماوەی کاری عارف ئەلفی وەک سەرکۆمار پێنج ساڵ دەخایەنێت.