Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2019
سلێمانی ـ AA
پێش کەمێک ئەندامانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتنە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەو حزبە دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.
کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری ھەردوولا لە درێژەی ھەوڵ و کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە بەرپرسانی ھەردوولاش رایانگەیاندووە لەم کۆبوونەوەیەدا دەچنە نێو وردەکاری پۆست و بەرکەوتەی لایەنەکان لە کابینەی نوێی حکوومەت.
بڕیارەی سبەی سێشەممە شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە شاری ھەولێر لەگەڵ شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە.
پارتی تا ئێستا چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ھەردوو لایەنی یەکێتی و گۆڕان ئەنجامداوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و خوازیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کابینەی نوێی حکوومەت بە بەشداری ئەم دوو لایەنە پێکبھێنێت.