Sümeyye Özer,Zana Natık Kerem
29 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2019
ریاز ــ AA
سعوودیە رایگەیاند كە بۆ یەكەم جار، دەستیكردووە بە دەركردنی ڤیزەی گەشتیاریی و بۆ قۆناغی یەكەم، ئەو ڤیزەیە دەدەن بە هاووڵاتییانی ٤٩ وڵات.
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری سعوودیە، ئەحمەد خەتیب لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بۆ یەكەمجار ڤیزەی گەشتیاری دەدەین بە هاووڵاتییانی هەریەك لە نەمسا، بەلجیكا، كۆماری چیك، دانمارك، ئیستۆنیا، فینلاند، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، ئایسلاند، ئیتاڵیا، لاتڤیا، لیختنشتاین، لیتوانیا، لوكسبۆرگ، ماڵتا، هۆڵەندا، مۆناكۆ، ئەندۆرا، رووسیا، مۆنتێرۆ، سان مارینۆ، ئۆكراینا، ئینگڵتەرا، بولگاریا، رۆمانیا، كرواتیا و قوبرس لە ئەورووپا و حەوت وڵاتی ئاسیا کە بریتین لە برونای، ژاپۆن، سینگاپور، مالیزیا، كۆریای باشوور، كازاخستان و چین لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كەندا، ئوستڕاڵیا و نیوزیلاند بۆ ئەوەی بتوانن بە ئامانجی گەشتكردن سەردانی وڵاتەكەمان بكەن".
ئەحمەد خەتیب باسی لەوەشكرد كە ئەوە یەكەمجارە ڤیزەی گەشتیاریی لە لایەن وڵاتەكەیەوە دەدرێت بە هاووڵاتییانی بیانی و گوتی: "ڤیزەكە بۆ ماوەی ٣٦٠ رۆژ دەبێت لە مێژووی دەركردنییدا و هەر گەشتیارێك دەتوانێت ٩٠ رۆژ لە سعوودیە بمێنێتەوە، بەڵام لە میانی ساڵێكدا ناگات بە ١٨٠ رۆژ".
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری سعوودیە ئاماژەی بەوەشكرد كە گەشتیاران دەتوانن بە گەیشتنیان بۆ فڕۆكەخانەكانی شا خالید، شا عەبدولعەزیز، شا فەهد، شازادە محەمەد بن عەبدولعەزیز لەگەڵ دەروازەكانی پردی شا فەهد و بەتحا ڤیزەی گەشتیاریی وەربگرن، بەدەر لەوەش دەتوانن لەڕێگەی نوێنەرایەتیی و باڵیۆزخانە و كۆنسولخانەكانی سعوودیە لەو ٤٩ وڵاتە، وەربگرن.
سەبارەت بە قەدەغەكراوەكان كە لە چوارچێوەی ڤیزەكەدا ئاماژەی پێكراوە، رێگە نادرێت گەشتیارانی غەیرە موسڵمان بچنە مەككە و مەدینەی منەوەرە، هەروەها رێگەش نادڕێت هیچ گەشتیارییەك تەمەنی خوار ١٨ ساڵ کە بەتەنها بێت بۆ گەشتیاریی بێتە سعوودیە.
هەروەها هەر هاووڵاتییەك لەو ٤٩ وڵاتە كاتێك ڤیزەی گەشتیاریی پێ دەدەرێت رێگەی پێ نادرێت بۆ چارەسەركردنی پزیشكی یان بەجێگەیاندنی حەج و عومرە لە میانی فەریزەی حەجدا بەكاری بهێنێت، بەڵام لە كاتەكانی دیكەدا رێگەی پێ دەدرێت، جگە لەوەیش رێگە بە هیچ ئافرەتێكی گەشتیار نادرێت بە پۆشینی جلوبەرگی نەشیاو بۆ گەشتكردن بێتە سعوودیە.
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری سعوودیە، ئەحمەد خەتیب جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە لە چوارچێوەی دەركردنی ڤیزەی گەشتیارییدا، ئامانجیانە تا ساڵی ٢٠٣٠ یەكێك بن لەو پێنج وڵاتانەی كە لەسەر ئاستی جیهان پێشوازی لە گەشتیاران بكەن.