Sarmand Hameed
15 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2018
زەهران - AA
کارەکانی ٢٩ هەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە شاری زەهران رۆژهەڵات سعوودیە بە ئامادەبوونی نوێنەری ٢١ وڵات کە ١٦یان سەرکردە و سەرۆکی وڵاتن، دەستی پێکرد.
کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە دوای هێرشەکەی دوێنێی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا هات بۆ سەر سووریا.
لووتکەی کۆمکاری عەرەبی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی سعوودیە و لە سەنتەر رۆشنبیری شا عەبدولعەزیز لە شاری زەهران رۆژهەڵاتی سعوودیە بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە کارنامەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی حەوت دۆسیەی هەستیار لەخۆ دەگرێت لەوانە، پرسی فەڵەستین، پرسەکانی سووریا و یەمەن و لیبیا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەروها دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان.
دوێنی شەممە گوتەبێژ بە ناوی ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، مەحمود عەفیفی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە دۆسیەی قەیرانی کەنداو ناخرێتە نێو خشتەی کارەکانی لووتکەی عەرەبی.
هەر یەک کە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز و سەرکۆماری تونس، محەمەد باجی سبسی و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆکی دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس و سەرکۆماری سودان، عومەر بەشیر و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و میری کوێتم سەباح ئەحمەد ئەلسەباح ئامادەی لووتکەکە بوون.
هاوکات سەرکردەی شەش وڵاتی جیاواز ئامادەی لووتکەکە نەبوو، لەنێویاند میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی کە بۆیەکەمجارە لە لووتکەی عەرەبی ئامادە نەبێت لەوەتەی دەستبەکاربوونی وەک میری قەتەر لە حوزەیرانی ٢٠١٣.
هەروەها کورسی سووریا لە لووتکەکەدا لەوەتەی ساڵی ٢٠١١ەوە بەبڕیاری کۆمکاری عەرەبی هەڵپەسێردراوە بەهۆی رەفتارەکانی رژێمی بەشار ئەسەد دژ بە گەلەکەی.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ریاز چەند بڕیارێکیان دا کە پەیوەستن بە قەیران و پێشهاتەکانی ناوچە بە مەبەستی دانانیان لە بەرنامەی لووتکەی عەرەبی کە ئەمڕۆ دەستی بە کارەکانی کرد.
لە گرنگترین ئەوپڕۆژە بڕیارانەی کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەرکران، رەتکردنەوەی بەرزبوونەوەی هەڕەشەی سەربازیی لە غوتەی رۆژهەڵات و پابەندبوون بە ئاشتی وەک هەڵبژاردەی ستراتیجی بۆ چارەسەری ململانێی عەرەبی ئیسرائیلی و ئیدانەی دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی.