Gülşen Topçu
21 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2023
ئیستانبوڵ – AA
رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی سەرکۆنەی دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆزی کرد لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید.
سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، ئیبراهیم تەها لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ئەم کارە ئیستیفزازییەی کرد و ئاماژەی بەوە دا رێگەدان بەو کارە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی سویدەوە وێڕای ئەو ئەنجامە ترسناکانەی لێی دەکەوێتەوە، ئەوانی تووشی هیوابڕاوی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە وەک ئەوەی لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رێکخراوەکەدا هاتووە کە لە ٢ی تەمووز ئەنجام درا "ئەم جۆرە کارە ئیستیفزازییانە پێچەوانەی مادەی ١٩ و ٢٠ی بەڵێننامەی مافە سیاسی و مەدەنییە نێودەوڵەتییەکانە و بە هیچ جۆرێک ناچێتە خانەی ئازادی رادەربڕینەوە".
داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سویدیش کراوە "رێگە بە کەسان و گروپی پەڕگیر نەدرێت بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم جۆرە کارە ئیستیفزازییە مەترسیدارانە".
دوێنێ هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عێراقی، سەلوان مۆمیکا کە پێشتر لە سوید ئاگری لە قورئانی پیرۆز بەردابوو، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق خستە ژێرپێی خۆی و سووکایەتی پێ کردن.