Mazın Asad,Abdullah Shukur
09 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2017
واشنتۆن - AA
بەرپرسێکی ئاژانسی ھەواڵگری بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەبوبەکر بەغدادی ھێشتا دەژیت، بەڵام پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، شارەکەی جێھێشتووە.
ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، بە رێگەی مۆبایل روونکردنەوەیەکی دا و گوتی: "پێمانوایە ئەبوبەکر بەغدادی (سەرکردەی داعش) دەژیت. نازانم لە کوێیە، بەڵام پێمانوایە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و پێش گەمارۆی مووسڵ و تەلەعفەر، رەنگە شارەکەی جێھێشتبێت".
بەرپرسەکەی پنتاگۆن، ئەبوبەکر بەغدادی بە "سەرە مار" ناوزەد کرد و رایگەیاند لە جیاتی سەرکردەکانی داعش، فەرماندە پلە مامناوەندەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەکەنە ئامانج و بەھۆیەوە ھەنگاوی ستراتێژی دژی داعش دەھاوێژن.
گوتیشی: "ئێمە زیاتر لەسەر فەرماندەکانی تاکتیک و بەرپرس لە ئۆپەراسیۆنە مامناوەندەکانیان (داعش) چڕ بووینەتەوە. رەنگە کات ئەمە دەربخات، بەڵام کاریگەرترین رێگە بۆ چۆکدانان بە ھێزی سەربازیی ئەو رێکخراوە، کوشتنی سەرکردە ئاست مامناوەندەکانیانە".
-داعش، رەققەی وەک پایتەخت لە چاو دەرکردووە
ئەو بەرپرسەی پنتاگۆن روونیشی کردەوە کە بەشێک لە سەرکردە گرنگەکانی داعش رەققەیان جێھێشتووە و راشیگەیاند داعش رەققەی وەک پایتەخت لەچاو دەرکردووە.
ئەوەشی خستەڕو کە بەشێکی گرنگی شاری رەققە گەمارۆ دراوە و گوتیشی: "ھەندێک لە سەرکردەکانی داعش پێیانوایە ناتوانن رەققە لە رووی سەربازییەوە بگرن".
ئەم بەرپرسە ھەواڵگرییە راشیگەیاند کە تاکو ئێستا رەققە گۆشەگیر کراوە و ئەو رێکخراوەش بەردەوامە لە دانانی تەڵەی بەرگری لەو شارە. ھاوکات بەھۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان، چاوەڕێی شەڕێکی زۆر قورس لەو شارە دەکرێت.
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "کۆنترۆڵکردنی بەرەی رۆژھەڵاتی مووسڵ ٨٠ رۆژی خایاند. بە شەش مانگ رومادیمان رزگار کرد. بۆیەش شەڕی رەققە درێژخایەن دەبێت". ئاشکراشی کرد کە ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە داعش ژمارەیەکی زۆری بۆمبی لە خانووەکان چاندووە و ھاوکات ئەگەری ئەوە ھەیە چەندین تونێلی بۆمبچێنراو وەکو داوێک لەو شارە ئامادە کرابێت.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا زیاتر گوتیشی: "رزگارکردنی رەققە نابێتە دوایین شەڕی دژی ئەم رێکخراوە. ھەروەکو مووسڵ دەبێتە شەڕێکی زۆر ھەستیار. ھاوکات لە دوای لەناوبردنی چەکدارەکانیان و کۆتاییھێنان بە خەلافەتەکەیان، داعش لە شوێنی دیکەش بەردەوام دەبێت. ھەژموونی داعش بە درێژای رووباری فوڕات بەردەوام دەبێت".
"بەدرێژای رووباری فوڕات 9 ھەزار چەکداری داعش بوونی ھەیە"
بەپرسەکە ئاشکراشی کرد کە ئەوان پێیانوایە نزیکەی 9 ھەزار چەکداری داعش بەدرێژای ناوچەکانی ئەلکەمالی باشووری مووسڵ و دێرازور و رەققە بوونیان ھەیە.
ئەو بەرپرسە ھەواڵگرییەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە سەدا ٦٥ی ئەو خاکەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا و عێراق داگیری کردبوون، کۆنترۆڵکراوەتەوە.
لەبارەی کاتی کۆتایھاتنی داعش بە تەواوی ئەو بەرپرسە رایگەیاند کە پێشبینی ئەستەمە. بەڵام لە ماوەی شەش مانگ گشت ئەو ناوەندانەی کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لێیە لە عێراق لە دەستی داعش رزگار دەکرێن. گوتیشی: "ناتوانم لە رووی کاتەوە شتێک بڵێم بە تایبەتی لە سووریا کە کاری زۆر گرنگ ماوە ئەنجامی بدەین".