Davit Kachkachishvili
01 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند کە رووسیا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣١ هێرشی مووشەکی و ١٢ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئۆکراینا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرایناوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا لە دوێنێ و ئەمڕۆدا، هێرشی مووشەکی و ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە لە هێرشەکاندا ناوچەکانی کیێڤ، چیرنیهیڤ، سومی، همیلنیتسکی، دۆنێتسک، زاپۆریژییا، مایکۆڵایڤ و خێرسۆن کراوەتە ئامانج و هاتووە: ''لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، دوژمن ٣١ هێرشی مووشەکی و ١٢ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە''.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سوپای رووسیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا و هاتووە: ''دوژمن بە ١٣ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهید-١٣٦ی دروستکراوی ئێران هێرشی ئەنجامداوە و هەمووشیان لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئۆکرایناوە خرانەخوارەوە. دوژمن بە هێرشی مووشەکیی و ئاسمانیی بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لەسەر تەواوی ئۆکراینا''.
هاوکات ئەوەیش خراوەتەڕوو کە هێزەکانی رووسیا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بە تۆپهاوێژ و چەکی قورسی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر ئۆکراینا.