Ali Cura
15 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2017
مۆسکۆ- AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا ئاشكرایکرد بەمەبەستی لابردنی سەرنجی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو دۆخە سەختەی وڵاتەکەیانی پێدا تێدەپەرێت، بەریتانیا بە باشی زانیوە رووسیا وەک دوژمنێکی دەرەکی هەڵبژێرێت.
ماریا زاخارۆڤا لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مەی دایەوە کە رووسیای بە ''هەڕەشە بۆ سەر شیرازەی نێودەوڵەتی'' تۆمەتبارکردبوو.
زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەکردووە روونکردنەوەکانی تێرێزا مەی ''ناپەرپرسانە'' و ''ناڕەوایە'' و بیرۆکەی پارێزگارییکردن لە شیرازەی نێودەوڵەتی لەنێو کابینەی حکوومەتی بەریتانیاوە بەشێوەیەکی گاڵتە ئامێزانە باسکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە ''ئەوە بەسە کە بیرمان بکەوێتەوە کە چالاکییە شەرانگێزییەکانی بەریتانیا لە هەریەک لە عێراق و لیبیا بە هیچ شێوەیەک رێگەی بۆ بەهێزکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەکردووەتەوە و بووەتە مایەی ناهەمواریی بۆ ملیۆنەها مرۆڤ و تێکدانی سەقامگیریی سەرجەم ناوچەکە''.
ماریا زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەشکردووە بەهۆی پرۆسەی جێهێشتنی یەکێتیی ئەورووپا و دابەشبوونی نێوخۆییەوە، کۆمەڵگەی بەریتانی بە دۆخێکی سەخت و ناهەمواردا تێدەپەڕێت و رایگەیاندووە ''بەمەبەستی لابردنی سەرنجی رای گشتی ئەو وڵاتە، پێویستیان بە دوژمنێکی دەرەکییە و ئەوەش بە روونی دیارە کە بەریتانیا بە باشی زانیوە رووسیا وەک ئەو دوژمنە هەڵبژێرێت''.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مەی لەخوانی ساڵانەی ناوەندی دارایی لەندەندا گوتارێکی پێشکەشکردبوو، تێیدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو رووسیا بەمەبەستی درووستکردنی ئاڵۆزیی لە خۆرئاوا بە ''پڕچەککردنی زانیارییەکان'' هەستاوە و ''هەڕەشەیە بۆ سەر شیرازەی نێودەوڵەتی کە هەمووان پشتیان پێ بەستووە''.