Muhammet Ali Kemal
24 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2017
مۆسکۆ- AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە مۆسکۆی پایتەخت سازی کرد، ئاشکرای کرد کە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رۆژانی ٢٧ بۆ ٣٠ ئاب بە مەبەستی تاوتوێکردنی قەیرانی کەنداو، سەردانی هەریەک لە ئیمارات، کوێت و قەتەر دەکات.
ماریا زاخارۆڤا، سەبارەت بە قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە میانڕەوانە مامەڵە بکەن و رایگەیاند ''پێویستە لایەنەکان دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی گوزارشتی توند و زبر لەبەرامبەر یەکتریدا. وەک رووسیا ئەو داوایەمان نوێ دەکەینەوە کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ، ئاراستەمان کردبوو''.
زاخارۆڤا سەبارەت بە ستراتیجییەتی نوێی ئەمریکا سەبارەت بە ئەفغانستان کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپەوە راگەیەنرا، دوا و گوتی:
''بە دڵتەنگییەوە لە بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی دۆخی ئێستای ئەفغانستان لە رێگەی بژاردەی سەربازییەوە دەڕوانین. پێمان وایە ستراتیجییەتە نوێیەکەی ئەمریکا، رەنگدانەوەی ئەو هەڕەشانە نییە کە داعش لە ئەفغانستان درووستیکردووە. چاوەڕوانیمان ئەوەیە ستراتیجییەتی نوێ کە بە ئاراستەی زیادکردنی کاریگەریی سەربازەکانی سوپای ئەمریکایە، زیان بە یەکپارچەیی خاکی ئەفغانستان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتانی ناوچەکە نەگەیەنێت''.