Emre Gürkan Abay
29 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2018
مۆسکۆ- AA
لە رووسیا هەزاران کەس بە مەبەستی پرۆتێستۆکردنی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیان کە بڕیارە لە مانگی ئازاری داهاتوودا بەڕێوەبچێت لە زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان ساز کرد.
لەسەر بانگهێشتی چالاکڤانی نەیار و دامەزرێنەری ''سندوقی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی''، ئالێکسی ناڤاڵنی هەزاران کەس بە مەبەستی پشتیوانییکردن لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە مانگی ئازاری داهاتوودا بەڕێوەبچێت لە کەشێکی ئێجگار سارددا رژانە سەر شەقامەکان.
لەسەر داوای ئالێکسی ناڤاڵنی لە زۆر شاری رووسیا و لە سەرووی هەموویانەوە لە مۆسکۆی پایتەخت و سانت پیترسبێرگ، هەزاران کەس گردبوونەوە و درووشمیان دژ بە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و حکوومەت گووتەوە و دەیان کەسیش لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەرکران.
ناڤاڵنی لە کاتێکدا دەیویست بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانی پوشکین کە دەکەوێتە نزیک کۆشکی کرملین، بکات، دەستبەسەرکرا و لە روونکردنەوەیەکیشدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوی کردەوە، رایگەیاند ''دەستبەسەرکرام. ئەمە گرنگ نییە. لەبەر من نا بەڵکو لەبەر خۆتان و داهاتووتان بەشداریی لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن''.
کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی رووسیا پێشتر بڵاویکردبوویەوە کە بە پێی یاسای هەڵبژاردن ئالێکسی ناڤاڵنی بە هۆی ئەو تۆمەتانەی بە هۆی گەندەڵییەوە ئاراستەی کراون و دادگا بڕیاری سزادانی داوە، ناتوانێت بەشداری بکات لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا کە لە مانگی ئازاری داهاتوودا بەڕێوەبچێت، هەروەها بۆشی نییە خۆی کاندید بکات.
لای خۆیشییەوە ناڤاڵنی مانگی رابردوو ئاماژەی بەوەکرد تاکە بابەت کە جێگەی بایەخی کرملینە ژمارەی ئەو کەسانەیە کە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن و داوای لە گەلی رووسیا کرد بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.
ناڤاڵنی کە یەکێکە لەو کەسانەی بە هۆی خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڤلادیمیر پوتینەوە ناوبانگی پەیدا کردووە و هاوکات چالاکڤانێکی نەیار و نووسەری بلۆگ و پارێزەرە لە ساڵی ٢٠١٤دا، بە تاوانی فریودان سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنرابوو.