Ahmet Dursun,Muhammet Kurşun,Muhammet Ali Kemal,Mohammed Baqi Hussein
03 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2019
ئەنقەرە/تاران - AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئاشکرایکرد هەژمارە بانکییەکانی مانگی سووری وڵاتەکەی لە لایەن ئەمریکاوە داخراون و رێگریی لەو هاوکارییانە کراوە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە نێردراون.
حەسەن روحانی لە میانی گوتارێکدا کە لە چوارچێوەی پێشوازییکردنی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە نوێنەری نێردەی وڵاتە ئیسلامییەکان پێشکەشیکرد، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمریکا رێگریی لەو هاوکارییانە کردووە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکان لە ئێران، رەوانەکراون.
سەرکۆماری ئێران رایگەیاندووە "رووی دوژمنان رەشبووە بە هۆی داخستنی هەژمارە بانکییەکانی مانگی سووری ئێران و رێگرییکردن لە رەوانەکردنی هاوکارییەکان بۆ هاووڵاتییانیان لە هەندەرانەوە. رووڕەشەکان هێشتا نەیانتوانیوە برینەکانی کارەساتی لافاوی چەند مانگ لەمەوبەری ئەمریکا، ساڕێژبکەن. لەبەرامبەر ئەمەشدا هەموو کەس ئەوە دەبینێت کە لە ئیران دانیشتوان و کاربەدەستان، دەست لەناو دەست دووبارە شوێنە داڕووخاوەکان بنیاتدەنێنەوە".
حەسەن روحانی تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش کە لە کۆی ٣١ پارێزگای وڵات ٢٥یان بەرەوڕووی لافاو بوونەتەوە و لە سەرجەم ناوچەکان باری لەناکاو راگەیەندراوە و ئەمەش دۆخێکە کە زۆر کەم روودەدات.
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەمریکا لەبارەی قودس و جۆلان دوا و گوتی: "نە قودس دەبێتە پایتەختی داگیرکەران و نە جۆلان لە سووریا جیادەکرێتەوە. دوژمنان ناتوانن سەرکەوتوو بن لەوەی کە موسڵمانان وا لێبکەن خۆیان رادەستی زایۆنیستە داگیرکەرەکان بکەن".
لە لایەكی دیكەوە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لەگەڵ وەزیران و پەرلەمانتاران كۆبووەوە لە سەرۆكایەتیی كۆمار و لە وتارێكیدا داوای لە وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوە یاساییەكانی وڵاتەكەی كرد، لێكۆڵینەوە لەبارەی رێگریكردن لە هاوكاریی ئێرانیەكانی دەرەوەی وڵات بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكانی ئێران ئەنجام بدەن.
حەسەن روحانی گوتی: "بەداخەوە گەلەكەمان لەو شوێنانەی لافاو گرتوویەتەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە. چەندین هاووڵاتییمان گیانیان لەدەستدا".
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لەبارەی رێگریكردنی ئەمریكا لە گەیشتنی هاوكارییەكان بۆ زیانلێكەوتووانی ئێران بەم جۆرە دوا:
"رێگری لەو هاوكارییانە دەكەن كە لە دەرەوە بۆ ئێران دێت و مانگی سوور ناتوانێت لەو هەلومەرجە سەختەدا هاوكارییەكانی بەدەست بگات. رێگریكردنی ئەمریكا لە گەیشتنی هاوكاری بە زیانلێكەوتووانی لافاو لە ئێران، تاوانێكە هاوشێوەكەی نەبیندراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی لە راگەیەنراوێكدا لەوبارەوە رایگەیاندبوو، بە هۆی سزا و گەمارۆكانی ئەمریكاوە، هاوكاریی مرۆیی نەگەیشتووەتە ناوچە كارەساتبارەكانی ئێران.
دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ رایگەیاندبوو، ئامادەن لە رێگەی مانگی سوور و خاچی سوورەوە هاوكاریی زیانلێكەوتووانی لافاو بكەن لە ئێران. وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف-یش رایگەیاند، بە هۆی سزاكانی ئەمریكاوە ناتواندرێت هاوكاریی مرۆیی بگەیەندرێتە ئێران.
بە هۆی ئەو شەپۆلە باراناوییە توندەی كە نزیكەی دووهەفتە ئێرانی گرتووەتەوە، زۆرێك لە ناوچەكان لافاو گرتووتییەوە و بەو هۆیەوە 57 كەس گیانیان لەدەستدا.