Muhammet Ali Kemal
21 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2016
لەلایەن پۆلیسی خزمەتگوزاریی نهێنییەوە تەقە لەو کەسە کرا کە بە چەکەوە هاتە خاڵی پشکنینی کۆشکی سپی کە شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما و خانەوادەکەیەتی.
لەدوای دەنگی تەقەکانەوە هێزە ئەمنییەکان کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەموو دەروازەکانی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەیان لە کۆشکی سپی داخست. ئاماژە بەوەدەکرێت لە کاتی رووداوەکەدا ئۆباما لە کۆشکی سپی نەبووە.
پۆلیسی ئەمریکا رایگەیاند "دوای نیوەڕۆی دوێنێ، کەسێک بە چەکەوە هاتووەتە نزیک خاڵی پشکنینی دەروازەی خۆرئاوای کۆشکی سپی، بەڵام لەلایەن پۆلیسی خزمەتگوزاریی نهێنییەوە کە ئەرکی پاراستنی کۆشکەکەیان لەئەستۆدایە تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە".
ئاماژە بەوەشکراوە تەقەکردن لەو چەکدارە کە ناوەکەی بڵاونەکراوەتەوە، دوای ئەوە هاتووە کە ئاگادارکراوەتەوە چەکەکەی فڕێ بدات، بەڵام گوێی بە ئاگادارییەکە نەداوە و، دوای ئەوەی کە بریندار کراوە، گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
لەدوای رووداوەکەوە هێزە ئەمنییەکان هەموو دەروازەکانی کۆشکی سپییان داخست. نیشانەشکێنەکان لەسەر سەربانی کۆشکی سپی جێگیرکرابوون ئاستی رێوشوێنە ئەمنییەکان بەرزکرانەوە.
ئەوەیش راگەیەنرا کە لەکاتی رووداوەکەدا سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما لە بنکەی سەربازیی ئاندرو ئێرفۆرس سەرگەرمی یاری گۆڵف بووە.
بەرپرسێکی ئەمریکی لە دوای رووداوەکە رایگەیاند ''هیچ کەسێک کە پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە هەبێت، بریندارنەبووە، هەمووان پارێزراون و سەرۆکیش لە دۆخەکە ئاگادارکراوەتەوە''.