Tuğçenur Akgün
06 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2023
نیویۆرک - AA
گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە دووی تەمووز لە باڵی رۆژئاوای کۆشکەکەوە کە جموجۆڵی زۆری لەسەرە، کۆکایین دۆزراوەتەوە.
کارین جان پیێر لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و یەکەم لێدوانی فەرمی دا سەبارەت بەو بڕە کۆکایینەی کە هەفتەی رابردوو لە کۆشکی سپیدا دەستی بەسەردا گیرابوو.
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی رایگەیاند کە گەشتەکان بۆ ئەو بەشەی کۆشکی سپی رێکدەخرێن و رۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەممەی هەفتەی رابردوو، گەشتی روتینی سەردانیکەران بۆ ئەو شوێنە ئەنجامدراون.
کارین جان پیێر وەبیری هێنایەوە کە لێکۆڵینەوەکانی دەزگای نهێنی لەم بابەتە بەردەوامە و زانیاریی لەو بارەیەوە بە سەرۆک جۆ بایدن دراوە.
گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی بەرامبەر بە ئەنجامدەری ئەو کارە رایگەیاند کە کۆشکی سپی پابەندە بە رێنماییە توندەکانەوە و پابەند دەبێت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای نهێنی.
ئەو ماددە گومانلێکراوەی رۆژی یەکشەممە دووی تەمووز لە کۆشکی سپی دۆزرایەوە لە ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوت کە کۆکایینە.