Kasım İleri
15 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن - AA
دەنگۆی ئەوە هەیە کە دەزگای هەواڵگری "CIA"ی ئەمریکی دژ بە ئەگەری هێرشی رووسیا، مەشق و راهێنانی بە گروپێکی سوپا و دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا کردبێت.
ماڵپەڕی "Yahoo News" لە هەواڵێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە بەشی ئۆپەراسیۆنە ڕەشەکانی "CIA" کە لە سەردەمی دەسەڵاتی باراک ئۆباماوە دامەزراوە، مەشق و راهێنانی بە بەشێکی هێزی تایبەت و دەزگای هەواڵگری ئۆکراینا کردوە.
لە هەواڵەکەدا باس لەوەش کراوە کە مەشقەکان بەشێوەی راهێنانی چڕ لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە ویلایەتێکی باشووری ئەمریکا، ئەنجامدراون و تیایدا هێزەکانی ئۆکراینا فێری بەکارهێنانی جۆرەها چەک و شێوازی جەنگ، کراون.
ئاماژە بەوەش دراوە کە ئامانج لەم کارە بەهێز کردنی هێزەکانی ئۆکراینایە لە ئەگەری روودانی هەر هێرشێکی رووسیادا.
هەروەها باس لەوەش کراوە کە ئەو کارمەندە هەواڵگرانەی سەر بە بەشی ئۆپەراسیۆنە رەشەکانی "CIA"ن لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی ئۆکراینا دەکەن.
لە ئێستاشدا ٢٠٠ سەربازی سەر بە سوپای ئەمریکا لە ئۆکراینا نیشتەجێن، پێشتریش پنتاگۆن ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە ئەو سەربازانە بۆ پێشکەش کردنی مەشقی تایبەت بە ستراتیجەکانی جەنگ لە ئۆکراینان.