Ibrahim Ramadan
29 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2020
ئیستانبوڵ ــ AA
كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە میسر رایگەیاند كە هەڵسوڕێنەری رابەری گشتیی ئیخوان موسلیمین، مەحمود عیززەت، دەستگیركراوە.
لە راگەیەندراوێكدا كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین ئاماژەی بەوەداوە كە وەزارەتی ناوخۆی میسر بەیاننامەیەكدا دەستگیركردنی مەحمود عیززەت-ی پشتڕاست کردووەتەوە.
دوێنێ هەینی وەزارەتی ناوخۆی میسر رایگەیاندبوو كە هەڵسوڕێنەری رابەری گشتیی ئیخوان موسلیمین، مەحمود عیززەت لە رۆژهەڵاتی قاهیرە دەستگیركراوە.
كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە راگەیەندراوەكەیدا ئەو تۆمەتانەی رەت كردەوە كە وەزارەتی ناوخۆی میسر ئاراستەی مەحمود عیززەتی كردووە لەوانە سەرپەرشتیكردنی كردەكانی تیرۆریستی و رایگەیاندووە كە دەسەڵاتدارانی میسر بەرپرسن لە ژیان و سەلامەتی مەحمود عیززەت.
سەبارەت بە داهاتووی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین دوای دەستگیركردنی مەحمود عیززەت، لە راگەیەندراوەكەی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین هاتووە "كارەكانمان بەم شێوەی ئێستا كە بەرێكوپێكی بەڕێوەدەچێت و بەردەوام دەبێت".
ئیخوان موسلیمین لە راگەیەندراوەكەدا جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە بەردەوامە لە چالاكییەكانی بە تایبەتیش لە بانگەوازە و ئامۆژگارییە باشەكان كە خزمەت بە نیشتمان و ئاینی دەكات.
پێشتر كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین رایگەیاندبوو كە پەیوەندی بە مەحمود عیززەت-ەوە پچڕاوە.
مەحمود عیززەت كە لە ئابی 2013وە كراوە بە هەڵسوڕێنەری كاروباری رابەری كۆمەڵەی گشتیی ئیخوان موسلیمین، لەسەر چەند دۆسیەی سزای لەسێدارەدان و زیندانیكردنی هەتاهەتایی بۆ دەركراوە لەوانە "سیخووركردن بۆ حەماس"و "هەڵاتن لە گرتووخانە" و "رووداوەكانی نووسینگەی ئامۆژگاریكردن" و "رووداوەكانی توندوتیژی لە منیا ناوەڕاستی میسر".