Mehmet Yusuf Melikoğlu,Mohammad Kara Maryam
25 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2024
نیویۆرک ــ AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ٧٩هەمین خوولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، چاوی بە سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی کەوت.
دیدارەکەی نێوان سەرکۆمار ئەردۆغان و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ماڵی تورک لە نیویۆرک دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو.
فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەی نێوان سەرکۆمار ئەردۆغان و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، ھەروەھا پێشھاتەکانی جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا و ھەوڵەکان لەبارەی چەسپاندنی ئاشتی لە ئۆکراینا تاوتوێ کراون، ھەروەھا گفتوگۆ کراوە لەبارەی ژمارەیەک پرسی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، سەرکۆمار ئەردۆغان پاڵپشتی تورکیای بۆ یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئۆکراینا دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە گفتوگۆ، تاکە ڕێگایە بۆ وەساتدنی شەڕ.
باسی لەوەش کردووە کە سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا ئامادەیە ھەموو ڕێگایەکی پێویست، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی دادپەروەرانە و ھەمیشەیی بگرێتەبەر، لەوانە ڕۆڵی نێوەندگیری.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، سەرکۆمار ئەردۆغان لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دەستپێشخەری لەبارەی ھەناردەکردنی دانەویڵە لە ئۆکرایناوە لە ڕیگای دەریای ڕەشەوە، زیندوو بکرێتەوە.