Zana Natık Kerem
20 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر – AA
بە بەشداری شاندی وڵاتانی فەڕەنسا، عێراق، تورکیا، ئێران، سعوودیە، قەتەر، سوڵتانشینی عومان، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن و میسر دووەمین کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشیی لە ئوردن دەستی پێ کرد.
سەرۆکوەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی دەست پێ کردنی کۆنگرەکەدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، بیرۆکەی دامەزراندنی کۆنگرەی بەغدا لە خواستی عێراق بۆ پتەوترکردنی ھاوبەشی سەرچاوەی گرتووە و گوتی: "ئەمڕۆ لە عەممان کۆبووینەتەوە، ئاواتەخوازین، ھەنگاوی زیاتر بەرەوە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانمان بنێین".
گوتیشی: "سیاسەتێکی کراوە بە ئامانجی بنیاتنانی ھاوبەشی لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش پەیڕەو دەکەین".
محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیشدا کە بە پێویستی دەزانن، کاری لەپێشینەی ھەمووان، پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوانیان بێت و گوتی: "ھەوڵدەدەین لە میانی دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازییەوە، پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لە وڵاتانی بەرکاربەرەوە ببین بە وڵاتانی بەرھەمھێنەر".
راشیگەیاند "لەناوبردنی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی لەکاری لەپێشینەمان داناوە و لە بەرزترین ئاستدا دەستمان بە ھەڵمەتی لەناوبردنی گەندەڵیی کردووە".
گوتیشی: "داوا لە وڵاتانی برا و دۆست دەکەین لە گێرانەوەی پارە بەتاڵابنراوەکان و رادەستکردنی داواکاران ھاوکارمان بکەن".
محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی وەبەرھێنان لە عێراقدا گوتی: "بە جیددی کار دەکەین بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرھێنان لە عێراق، رخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرھێنان، پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیریی ھەیە".
ئاماژەی بەوەیشدا کە پێویستە ھەمووان پێکەوە لەکارکردن بەردەوامن لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی بیری توندئاژۆیی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی قەیرانی کەمئاوی باسی لەوە کرد کە عێراق بەرەوڕووی کەمئاوی بووەتەوە و گوتی: "سوورین لەسەر ئەوەی کە بە جیددی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کار بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە بە ھاوبەشی دەرامەتە ئاوییەکان بەڕێوەبەرین".
سوودانی لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتیی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم ھاوبەشە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان ھەبێت و گوتی: "عێراق لە گرژیی میحوەرکاندا، خۆی بەدوور دەگرێت و بەردەوام دوای ھێورکردن و کەمکردنەوەی گرژییەکانی کردووە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتاییدا گوتی: "عێراق دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی، ھەروەھا زیان گەیاندن بە سەروەریی و ھێرشکردنە سەر خاکەکەی رەت دەکاتەوە".