Burak Karacaoğlu,Eşref Musa,Muhammet Ali Kemal
02 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2018
ئیدلب - AA
له سووریا سیانزه‌یه‌مین كاروانی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ناچاركراون غوته‌ی خۆرهه‌ڵاتی گه‌مارۆدراو له لایه‌ن رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و پشتیوانانییه‌وه، جێبهێڵن، گه‌یشته ئیدلب و گونده‌واره‌كانی خۆرئاوای حه‌له‌ب.
به پێی زانیارییه‌كانی په‌یامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو له غوته‌ی خۆرهه‌ڵاته‌وه، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی به گره‌نتیی رووسیا له ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌نجامدراوه، ده‌ربازكردنی هاووڵاتییان له هه‌ریه‌ك له ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوونی عه‌ربین، زه‌مه‌لكا و عه‌ین ته‌رمه به‌رده‌وامه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هێشتا گه‌وره‌ترین شارۆچكه‌كه‌ی ناوچه‌كه كه شارۆچكه‌ی دومایه، نه‌خراوه‌ته چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌وه، دوێنێ هه‌زار و ٨٩ له دانیشوانی دوما كه نه‌خۆش و بریندارن ده‌ربازكراون.
به‌و شێوه‌یه‌ش یه‌كه‌م ده‌ربازكردن له شارۆچكه‌ی دومای غوته‌ی خۆرهه‌ڵاته‌وه ئه‌نجامدرا كه له لایه‌ن رژێمی ئه‌سه‌د و پشتیوانانییه‌وه هه‌زاران كه‌سیان لێ كوژراوه.
كاروانی سیانزه‌یه‌مین كه له ٢٨ پاس پێكهاتووه سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ گه‌یشتنه ئیدلب و خۆرئاوای حه‌له‌ب كه به‌ده‌ست هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌یه.
ئه‌وه‌ش زانراوه كه به هۆی پڕبوونی ناوه‌نده‌كانی حه‌واندنه‌وه‌ی كاتیی، هاووڵاتییه مەدەنییەكانی نێو كاروانه‌كه به‌سه‌ر خوێندنگه و مزگه‌وته‌كاندا دابه‌شكراون.
ئاماژه بهوهشدهكرێت له‌نێو كاروانه‌كه‌دا كه‌سانێك كه پێشتر برینداربوون و مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه، له‌نێو ئه‌و كاروانه‌دا بوون كه دوێنێ له غوته‌ی خۆرهه‌ڵاته‌وه به‌ڕێكه‌وتبوو.
كۆی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ناچاربوون به كاروان غوته‌ی خۆرهه‌ڵات جێبهێڵن ٤٦ هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه.