Mazın Asad
22 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2016
رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشە تیرۆریستییەکانی فڕۆکەخانەی زاڤینتم و وێستگەی مێترۆی مایلبیکی برۆکسلی پایتەخی بەلجیکا راگەیاند.
ماڵپەرێک کە بە نزیک لە داعش دەناسرێت، پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند ھێرشەکە لە لایەن ئەندامانی داعشەوە ئەنجام دراوە.
جێگەی باسە دوای ھێرشە تیرۆریستییەکە کە بەھۆیەوە ٣٤ کەس گیانیان لەدەست دا و بەلایەنی کەم ١٣٠ کەسیش بریندار بوو، رێوشوێنی ئەمنی لەو وڵاتە بە بەرزترین ئاست درێژەی ھەیە.
بەلجیکا بەھۆی ھەڕەشەی تیرۆرەوە بێجگە لە ھەڵوەشاندنەوەی گشت چالاکییەکانی کۆمەڵایەتی، قوتابخانە، مۆڵەکان، سینەما و ھۆڵی شانۆکانیشی داخست.
ھاوکات داواکاریی گشتی فیدراڵی بەلجیکا ھۆشداری دایە رۆژنامەوانان بەوەی کە خۆیان لە بڵاوکردەوەی زانیاری لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکانی برۆکسل بە دوور بگرن، بۆ ئەوەی زیان بە لێکۆڵینەوەکان نەگات. ھەروەھا گشت گەشتەکانی ئاسمانی، شەمەندەفەر و مێترۆ لەو وڵاتە ھەڵوەشایەوە و وێستگەکان داخران. بانگەوازیش کراوە ھاووڵاتییان لە ماڵەکانیان دەرنەچن.